انجمن سبز چیا

انجمن سبز چیا

پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە

  • your-alt
  • your-alt

تاڵانی وڵات

اندازه فونت :
۱۳۹۷/۰۹/۰۸

هاوڵاتیانی هێژا، ژینگەدۆستان و نیشتمانپەروەرانی ئازیز

هەر وا کە ئاگادارن ماوەیەکە دەستانێکی ڕەش و نگریس کەوتوونەتەگیانی دارستان بەگشتی ولە هیچ چەشنە بڕین و تیابردن و قەڵاچۆیەک خۆ ناپارێزن. ئەم دەستە دزێوانە لە دارە بی قەراخی چەمەکانەوە بگرە تا بەڕوار و مازوواری سەدان ساڵەیان کردۆتە ئامانجی گیرفانیان و دونیا لەدەلاقەی تەماحەوە سەیر ئەکەن. بەرژەوەندی و قازانجی تاکەکەسیی مرۆڤی سەردەم بووتە داردەستی پلان و کاولکارییەک کە ئەگەر بە هەموومانەوە بەری پێ نەگرین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئیتر دارستانێک نامێنێت. تاریک پەرستان وا دیارە بە ئاگر و سووتان ڕازی نابن و تا بنەبڕ کردن و فەوتانی هەتایی دەستبەرداری ئەم نیشتمانە نابن.

زاگرۆس بۆ هەزاران ساڵ ئێمەی لە باوەشی خۆیدا پاراستووە و لە هەموو چەشنە پێداویستییەکی خستۆتە خزمەت خەڵکانیەوە و ئەمڕۆ پێویستی بە یارمەتی و باهانا چوونی ئێمەیە. ئازیزان! بەشێ لە گوناحی ئەم خیانەتە بە نیشتمان و زێدمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئێمە کە چ لە سەری نەزانین و نائاگاییەوە و چ لە سەری چڵێسی و باوەڕی هەڵەوە بە جۆرێک ڕێ خۆشکەری کاولکاران بوویین. ئازیزان بە کارهێنانی سووتەمەنی دار لە باری پزیشکییەوە ئەگەری زۆر نەخۆشین ئەباتە سەرەوە، بۆ دابین کردنی هەر گۆنییەکی خەڵووز ۵ بەڕواری لانیکەم بیست ساڵەمان پێویستە و بەداخەوە لەم دەڤەرە بۆ هەموو سەیرانەکان دڵقێ خەڵووز ئەبڕێت و هێشتا بە نا بێهداشتی بوونیەوە زۆرێک لە خواردنەکانمان بە سەر خەڵووزەوە ئامادە ئەبن. ئەم کارە بازاڕێکی ناوخۆیی لەباری درووس کردووە بۆ کاولکارانی دارستان و بۆیە داوامان لە هەمووان ئەوەیە:
کاسبکاران و بازاڕیان لە چایی فرۆشێکی خەڵووزەوە تا برژاوییەکان و کەبابییەکان کە ڕۆژانە سەدان گۆنی خەڵووز بەکار دێنن تکاکارین بە زووترین کات بە جێگای خەڵووز لە گاز کەڵک وەر بگرن. بە کار هێنانی گاز لە باری پزیشکییەوە و هەم لە باری ئابووریی و پاک و تەمیسیشەوە زۆرتر لە بەرژەوەندی ئەم ئازیزانەدایە.
هاوڵاتیانی ئازیز! جیا لە بۆنێک کە بەهۆی داتکانی چەورییەوە بۆ سەر خەڵووز کەزۆربەی خەڵک پێیان خۆشە، بە کار هانینی گاز هیچ جیاوازییەک ناخاتە نێوان تامی خواردنەکانەوە و ئەمە لە حاڵێکدایە هەر ئەو بۆنە و سووتانی دار ئەگەری شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی سی ئەباتە سەرەوە. ئازیزان! خواردنی کەبابی و چایی خەڵووز بە قیمەتی تیا چوونی داراستان و سامانی نەتەوەییمانە و شیاو نییە دارستانێک کە هەزاران ساڵ پاراستوونی ئاوەها ڕاحەت و لە سەر چڵێسییەوە بیفەوتێنین بۆیە تکامان ئەوەیە بە بایکۆتی چایی و خواردنی خەڵووزەوە بێینە ڕیزی پارێزەرانی نیشتمان.
هەموو خەڵکی بە شەرەفی ئەم نیشتمانە لە هەر کوێ ژیان ئەکەن ئەبێ بەرگری کەن لەو تەماحکارانەی بە هەر ناوێکەو دارستانیان کردۆتە ئامانجی بەرژەوەندی تاکەکەسی و ڕۆژ بە ڕۆژ داری زۆرتر تیا ئەبەن. دارستان موڵکی گشتییە و کەس بۆی نییە بیخاتە گیرفانیەوە. تکایە هەر وا ناهێڵین کەس تەعەدا کاتە سەر ماڵمان هەر وەهاش نەهێڵین کەس تەعەدا کاتە سەر نیشتمانمان و بازرگانی پێوە بکات. تکایە هەر کەس یان کەسانێک کە دارستانی ئێمه کاول ئەکات و باری بارهەڵگرەکانی ئەکات بەری پێ بگرین و نەهێڵین دونیامان لێ بکەن بە بیابان.

گەلۆ خۆ ئەگەر هەموو کوردان بگوێزنەوە بۆ سەحرای ئەفریقا ئەوێ نابێ بە کوردستان و وەتەن، کە وایە ئەم نیشتمانە بە هەموو بوونەوەرانیەوە نیشتمانە و فەرقێک لە نێوان خاک فرۆشی و دار فرۆشیدا نییە مادام کە مەبەست و ئاکام بنەبڕکردن و قەڵاچۆ کردن و لە بەین بردنیەتی.

 

ئەنجومەنی سەوزی چیا

سەرماوەزی ۲۷۱۸

سوال خود را مطرح کنید :