جدیدترین :

بسم رب الشهداء و الصدیقین

بسم رب الشهداء و الصدیقین

گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و ‌‌حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەس ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن
گەر لە برسان و لە بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق هەڵێم
نۆکەری بێگانە ناکەم، تا لە سەر هەردم ئەمن

چۆن ئەکرێت دوا ساتەکانی بەرگری و سووتان دیمانە کەین؟ چۆن هەڵپەرکێی قژ و جەستەی ئاگرینتان لە نێوان جریوە و هاواری مەلانی بێ هێلانە و هەڵقرچانی نیشتماندا بهۆنینەوە؟ چ دەنگ و چ قەڵەمێک ئەتوانێ باس لە هەزاران بەندی دڵداری نێوان ئێوە و بەڕوارەکان بکات و چیرۆکی خۆشەویستی ئێوە بۆ هەموو واتاکانی ژیان و ژینگەی مرۆڤ بگێڕێتەوە. دڵی نەک هەر ئینسان، بەڵکو هەموو گیانلەبەرانی لێقەوماو بە کامە لۆرە بچڕینەوە و کامە سوکنایی پێشکەش بە خێڵی ئاشقانی وڵات بکەین.
کە هەواڵی نەگەڕانەوەتان گەیشت، هەموو نیشتمان دەست لە ملی مرۆڤایەتی تێر تێرگریان.
ئەی سوارچاکانی هۆزی ڕووناکی؛ بە کام ئەقڵیەت باوڕ بکەین کە ئێوەی ئاگربەزێن بە بڵێسەی مێرگ و چیمەن و دارستانی هاوڕێتان گیانی ئازیزتان بەخت کردووە.
باس دوو سەرکردە و دوو فەرماندەی ناوداری ئاگر بەزێنە، باس باسی دوو هەڵۆی بەرزەفڕی زاگرۆسە. دە فەرموون ناونیشانیان لە کرماشان و ئیلام پرسن. خشپەی پێ وهاواری دەنگیان هەر ئێستاکەش لە شاخ بە شاخی زاگرۆسدا ئەزرنگێتەوە. لە چیا بپرسن کە ئەبێ چەندە بەرز و سەخت بێت تا هەناسەی ئەو دووپێشەنگە سوار بکات. ناکرێ و نابێ باوڕ بکەین فڕینی هەتایتان ئاسایی بێت. ناتوانین باوڕ بکەین وەڕەی سەگ دڵی شێران بخاتە لەرزە، قاڵاو هەڵۆ ڕاو کات و تاریکی ڕووناکی لێڵ کات. ئێوە گۆچ کراوی ئازایەتی و نەبەزین. فێر نەکراون چۆک دادەن و نایشزانن چەمانەوە یانێ چی. بە سروودی “خوایە وەتەن ئاوا کەی” هەڵپەڕاون. چۆن ئەکرێت باوەڕ کەین ئێوەی مامۆستا لە وانەکانی خۆتان تێ نەگەشتبن. هەر ئێوە بوون دێ بە دێ و شار بە شار وانەی سەربەرزیتان ئەوتەوە. ئاوازی ئاوەدانیتان گەڵا بە گەڵا بە گوێی نیشتماندا ئەخوێندەوە. ئێوە بوون فێرتان کردین نەک هەر پێنووس کە هەنگاو بین. ئێوە بوون نووسینەوەی هەرمانی ژینگەتان گوێزرایەوە. “بوون”تان کرد بە “هەبوون” و ئێستاتان هەتایی کردەوە.
هەر لەو کاتەوە دوا هەناسەتان پێشکەش بە کاروانی شەهیدانی پاراستنی ژینگە و ژیان کرد، مێژوویەکی تازە خولقا. لەو ڕۆژەوە سێی خەرمانان ڕۆژی ژینگە پارێزانە. سێی خەرمانان ڕۆژی خرۆشی گەلە بۆ وتنەوەی واتاکانی ژینگە، بۆ هەست کردنی واتاکانی ژیان. سێی خەرمانان ڕۆژی بەڵێن دانە بە ڕێگای پیرۆزی ژینگە پارێزی تا پۆل بە پۆل بەڵێن بدەین نەبەز و ئازا بین و چرکە ساتێک ژینی وەک هەڵۆتان نەگۆڕینەوە بە عەمە درێژی قاڵاوئاسا.
لەو ڕۆژەوە “ئومێد” و “شەریف” بوون بە ئەستێرە پڕ پرشنگەکانی کاروانی شەهیدانی نیشتمان و ژینگە.
لەو ڕۆژەوە دڵی میلەت بوو بە هێلانەی هێڵانەوەی ناوی “ئومێد” و “شەریف” و بوون بە واتای بەرزی سروودی ” نامرن ئەوانەی لە دڵی میلەتدا ئەژین” بەڵکو هەمووان بزانن چ جیاوازیەکی مەزن هەیە لە نێوان ناوی ئەو کەسانەی خۆشەویستیان چاوی خەڵک پڕ فرمێسک ئەکات و ئەوانەی چەماونەتەوە.
خەڵکی بە شەرەفی نیشتمان، پێزانی هەنگاو بە هەنگاو هاوخەمیتانین و سپاسی تایبەتی یەکە بە یەکەتان ئەکەین و ئاواتە خوازین خوای گەورە سەبووری گلایەکمان بات.

ئەنجومەنی سەزوی چیا
شەشی خەرمانانی ٢٧١٨

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد