جدیدترین :

خورما فرۆش…

ئەمجەد حەیدەری

ناوەڕاست مانگی زستانە و دنیا سارد و سەهۆڵبەندان.
لە دوێنێ ئێوارەوە کلوکلو بەفر وەک سەلکە چۆلەکە بەسەر ئاسمانی شارەوە سەما دەکەن و شار بە یەکجاری وێنەی تازەبووکی شەرمن تارای سپی پۆشیوە.
هاڵاوی دووکەڵ کێشی سەربانەکان پرووشکەی بەفر دەتوێنێتەوە و هەڵمێکی مەیلەو خۆڵەمێشی بەناو گێژەڵووکەی بەفردا بەرەو ئاسمان خۆ بادەدا.
سنگی شەقامەکان وێنەی هێڵی شەمەندەفەر شوێنی تایەی ئۆتۆمبێلەکانی پێوە دیارە و جارجارەش چەن ڕێبوارێکی مل پێچ لەمل و کڵاو لەسەر ، ملیوان پاڵتاوەکانیان تا بناگوێ هەڵکێشاوە و بە پەلە بەرەو دەرمانخانەکەی ئەوبەر جادە دەڕۆن.
لق و پۆپی درەختەکان قەراخ جادە لە ژێر باری قورسی بەفر دیمەنێکی پڕ لە جوانی زستان دەنوێنن و هەڵمی هەناسەی ڕێبوارەکان کزەبای ئێوارانی زستانی پێوە دیارە.
غەڵبەغەڵب و قەرەباڵغیەکی زۆر لەبەر نەخۆشخانەی شار دیارە و عەرەبانە دەسگێڕەکان پاقلە و چۆنەری کوڵاو و میوە فرۆش پەیتا پەیتا بەرەو فولکەی جەنگەڵبانی تێ ئەپەڕن و نوقمی شەپۆلەکانی بەفر و کزەبای سارد ئەبن.
ئۆتۆمبێلێکی ڕەشی مۆدێل بەرز وەک ڕەشمار بەسەر بەفر و سەهۆڵی سەرجادەکەدا دەخزێ و دەنگی گۆرانی و قاقای پێکەنینی نەفەرەکان لەدوورەوە دەبیسرێ.
کابرایەکی بەتەمەن لە دەرگای دەرمانخانە دێتەدەر ، دەڵقێک دەرمانی بەدەستەوەیە و بەجامانەکەی سەروملی داپۆشیوە. بە هێمنی گۆچانەکەی دەنێتە سەر عەرز و بە خەستی دەقۆزێ و لەبەرخۆوە هەر ورتەی دێ:
ـ ئاااای ڕۆژگار ، پێشینیان درۆیان نەکردوە ئەڵێن بەرگی فەقیر دڕاوە.
قۆزە و خیسەی سەرسنگی قسەکانی پێ دەبڕێ.
ـ ئاسمان دوور و زەوی سەخت ، لەم ڕۆژگارە تەنگانە و بێکاریەدا  نەخۆش کەوی!…
بۆنی خۆشی کولێرەی سیاوڵەکراو لەژێر چارشێوی ژنێکی ڕێبواردا هەستی برسێتیم دەوروژێنێ ، ئیشتیهای خواردنی قاپێک شۆربای گەرم لەگەڵ پیاڵەیەک چای تازە دەم لەم تۆف و کڕێوەدا بە هەموو گیانمدا دەگەڕێ.
ـ مەرحەبا کاکە ، ئەرێ ماوی؟!…
ـ خۆ ناشوکری نەبێت تف هەڵخەی ئەبەسێت.
ـ خورما کیلۆی بەچەنە؟…
ئاکۆ خەیاڵاتی پێ دەپچڕێ و لە ژێر چاویلکە زەڕەبینیەکەیەوە دەڕوانێتە کابرای مشتەری و بزەیەکی سارد و بێ ڕۆح دێتە سەر لێوەکانی و هەڵمی دەمی دەکا بەناو لەپی هەردوو دەستیدا.
ـ سەر چاوەکانم کاکە گیان . بەخێر بێی ، ئەمر فەرموو.
ئەم خورما کیلۆی پێنج هەزار و ئەو نەوعەشیان حەوت هەزار تمەنە.
کابرای مشتەری جارێکی تر لەژێر چەترەکەیەوە سەرنجی ئاکۆ ئەدا و ئەڵێ:
ـ بۆ ئەونە گران کاکە؟…
ـ وەڵا چیت عەرزکەم ، کوا گرانه؟!….
خورماکەی دەنک ڕەشە ، بەدڵتان نەبوو بی هێننەوە.
کابرا پارەی خورماکە ئەدا بە ئاکۆ و خواحافیزی ئەکا.
ئاکۆ تۆزێ خۆی دەخا بە پشتا و ملی بەملاولادا بائەدا و تەزی لەشی دەرئەکا ، لەنێو پرووشکەی بەفرەوە بەحەسرەتەوە دەڕوانێتە باڵەخانەکەی ئەوبەرجادە و لەبەر خۆوە زەردەخەنەیەکی تاڵ ئەیگرێ…
هەڵمی دەمی ئەکا بە شووشەی چاویلکەکەیدا و بە سووچێکی چاکەتەکەی دەیسڕێتەوە و لە چاوی دەکا.
دیسان لە پشت توێتا چادر کێشراوەکەدا بە جیچکانەوە کتێب و قەڵەمەکەی هەڵدەگرێ و نوقمی بابەتەکانی سەر لاپەڕەکان دەبێت.
هەموو ئێواران کاتێ دنیا بەرەو تاریکی دەڕوات ، ئاکۆ وەک باڵندەیەکی کێوی دەستەمۆ نەکراو لە قەفەزی تەلبەنکراوی توێتاکەوە لەشەقەی باڵ ئەدات و تیژ تیژ بۆ سنگی ئاسمان ئەفڕێ.
پاش خواردنی ژەمی ئێواران و چایەکی دارچینی دەستی دایکی ، وەک هەمیشە مۆسیقا دەکاتە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازارەکانی و تێکەڵی نەوای ” چەن جارم ووت ” ی عەلی مەردان ئەبێت و لە تەنیشت زۆپای ژوورەکەی خەونووچکە دەیباتەوە. وەک تەیرێکی سەرمابردەڵەی دەرباز بوو لە چنگی واشەی ڕۆژگار کزکز هەڵدەکووڕمێ و لەگەڵ خەون و ئاواتەکانی دەست لەملان دەبێ…
ئاکۆ هێشتا مێرمنداڵێکی تازەپێگەشتوبوو ، پڕبەدڵ تاسەی لە خۆشی ژیان و خۆشەویستی باوک و دایکی نەشکابوو شێرپەنجە وەک ڕەشەبای بەهێز هەڵی پێچایە باخچە بچکۆلانەکەی ژیانیان و لە عەتف و سۆزی باوکی بێ بەری کرد.
باری قورسی ژیان و دەستکورتی ، هەر لە منداڵیەوە ئاکۆی ڕاپێچی بازاڕی کار کرد و چەندین ساڵ شاگردی” خورما فرۆش ” و کولێرە فرۆشی کانی دینار و کرێکاری بیناسازی کرد.
ڕۆژانی سەخت و پڕ چەرمەسەری وەک هەرەس ڕژایە ناو ژیانی ئاکۆ و دایکی و بە هەموو جۆرێک بەر چەپۆکی بێ بەزەییانە ڕۆژگارکەوتن.
بەڵام ئاکۆ هەرگیز نەدۆڕا و بەچۆکدانەهات ، چاونەترسانە بەرەوڕووی سەختی ژیان دەهاتەوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەنی باڵای حەز و ئاواتەکانی هەڵدەکشا و گەشەی دەکرد و ئومێدی بە داهاتوو قایمتر دەبوو.
گەڵابەی توێتا چادرکێشراوەکە بووە گەورەترین ” زانکۆ ” ی ئاکۆ و بڕیاریدا  قۆناغەکانی خوێندن ببڕێت و توانی لەئاستێکی بەرزدا بڕوانامەی ” لیسانس ”  بگرێت و دڵی دایکی شاد بکات.
ئاکۆی خورما فرۆش وەک سیمبوڵێک لە وەفاداری و خۆڕاگری لە نێو دۆست و ئاشنا و جێ متمانەی خاوەن کارەکەی ناسرابوو.
زۆرجار مامۆستای زانکۆ وەک نمونەی لێهاتوویی و بەرپرسیارەتی بەرامبەر بە ژیانی خێزانی لەنێو قوتابیان  ناوی دەبرد و نمرەی بەرز و تێبینیەکانی مایەی دڵخۆشی مامۆستاکان بوو.
خۆشەویستی بوو بە میوانی دڵە مێهرەبانەکەی ئاکۆ و ڕەگی داکوتا ، بەڵام قەت نەیدەتوانی وەک هەواڵانی بیر لە ژیانی هاوبەش بکاتەوە و قەدەر ئەمەشی پێ ڕەوانەبینی و داخێکی لە سەر داخان کەوت.
جارجارە ” ساز دەهەنی “ەکەی لە نێو لەپی هەردوو دەستی دەگرت و سۆزی دڵی دەکردە نەوایەکی حەزین و بەکووڵ هەڵی دەڕشت.
هەر چۆنێک دەبێ بە کولە مەرگی و کوێرەوەری پاڵ دەنێن بە زستانەوە و خۆ بە نەورۆز و ساڵی نوێ و قەدەر و چارەنووس دەسپێرن.
ـ ناشوکری نەبێ ساڵ و وەرزەکانیش بەس لە لاپەڕەی ڕۆژمێرەکان بۆئێمە مانایان هەیە ، نەورۆز و ساڵی نوێش هەر بێکاری و ڕۆژانی نائومێدی لەگەڵ خۆهێنابوو.
ئێستا ئیتر وەک زستان ” خورما ” ناخورێت و کوردە گوتەنی هەنگوین بە دەممان تاڵە.
کۆتایی مانگی خەرمانانە و ئەڵێن ئێستا کاتی ڕنینەوەی ” زەیتون ” ە لە شارەکانی شومال و جەماعەتێ کرێکار ڕۆشتوون بۆ ڕوودبار و مەنجیل بۆ ڕنینەوەی زەیتون ، کوڕی خۆی بێت ڕۆژی سەد هەزار تمەن ئەکەوێ…
خۆشم نازانم بەجارێ سەرم لێ شێواوە ، دوێنێ کابرایەکی دراوسێمان ئەیووت لە سلێمانی کار زۆرە و قیمەتی دیناریش  لە تمەن زۆر بەرزترە!…
ـ قیر و سیا ، بۆ من هیچ تەوفیری نیە. نان لە کوێ بێت منیش ناچار دوای ئەکەوم.
ماڵی هەژاری وێران ، ناخۆشترین کاتەکانی تەمەنم دابڕانە لە دایکم.ئاخر ناشکوری نەبێ پاش مەرگی باوک و خاڵۆم ،  دایکم لە جێی هەمووکەسێکمە.
ئێستا لێرە بە شاگرد گەچکارێکی ئێرانی دەمناسن و بەیانیان زوو تا شێوان ژووری باڵەخانەکان سپی دەکەینەوە ، کەچی ڕۆژ ڕەشی کاڵایەکە و بۆ هەمیشە بڕاوە بە باڵاماندا.
دڵی ئاکۆ پڕە لە حەز و ئاواتی کپکراوی بەدی نەهاتوو ، هەرکات دەکەوێتە یادی چلۆن لەبەر دەسکورتی کرێ  خانووی چەند مانگیان بەسەریەکدا دەکەوت و ئەستێرەیەکیان بەئاسمانەوە شک نەدەبرد ، بڕیاریدا تەنانەت ژەمی خواردنی کەم کاتەوە.ڕۆژانە کرێکاری دەکرد و شەوان دەبووە حەرەسی کۆمپانیاکان.
ئەگەرچی لەشوێنی کار وەک کەسێکی خوێندەوار و خاوەن کەسایەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرا بەڵام هەندێ جار خاوەن کارەکان غەدریان لێ دەکرد و بە بیانووی تەواوبوونی ئیقامە و بەڵگەی مانەوەی لە سلێمانی نیوەی پارەکەیان لێ دەخوارد.
هەموو ڕۆژ بەرەبەیان پێش کرێکاران لە خەو هەڵدەستا و بۆ ئەوەی پارەی کرێ تاکسی بۆ بگەڕێتەوە لەمپەڕ تا ئەوپەڕی سلێمانی بەپێ دەبڕی.
شەوان کاتی نووستن لەسەر گازی پشت دەکەوت و ئەسپی خەیاڵ هەڵی دەگرت ، بەنێو ئەستێرەکاندا پیاسەی دەکرد و ڕوومەتی مێهرەبانی دایکی لە نێو تریفەی مانگدا دەهاتە پێش چاو. دایکی دەکردە شاژنی ئاسمانەکان و ئەستێرەکانی دەکردە ملوانکەی زیوین و لەگەردنی دەکرد.
ئێستا ئاکۆ بەنیازی بڕینی قۆناغی خوێندنی باڵا و ” فەوق لیسانس ” ی دەروون ناسیە و هەموو هەوڵێک ئەدا بۆئەوەی قەرەبووی ڕۆژانی پڕ مێحنەتی خۆیان بکاتەوە و داهاتوویەکی ڕوون دەستەبەر بکات.
کوردە گوتەنی دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە ، ئێستا ئاکۆ بەری ڕەنجی چەندین ساڵەی کۆکردۆتەوە و لە قەراخ شار خانوویەکی بچکۆلانە دەکاتەوە و لەگەڵ هەموو خشتێک حەز و ئاواتی چەندین ساڵەی بینا دەنێت و لەگەڵ دایکی ژیانێکی نوێ دەس پێ دەکات.

ئەم بابەتە ل ژمارەی ۲۴ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد