جدیدترین :

منداڵان و کراونەوەی خوێندنگەکان

خەلیل خاوەریان

لە نیوەی مانگی خەرماناندا زۆربەی دایکان و باوکان بە کڕینی جلوبەرگی نوێ و جانتا و ئامرازی تایبەت بە خوێندن و نووسین منداڵانیان ئامادەی دەست پێکردنی وەرزی خوێندن و کرانەوەی خوێندنگاکان ئەکەن. بەشێک لە منداڵان پێش ئەوەی خوێندنگاکان بکرێنەوە خەون و خولیایان کرانەوەی خوێندنگایە و بەدڵخۆشییەوە پێشوازی لە چوون بۆ خوێندنگا ئەکەن  و بەشێکی دیکەش نیگەران بە چوون بۆ خوێندنگا وا هەست ئەکەن خوێندنگا شوێنێکی نامۆ و ناخۆشە و لە هەموو خۆشییه‌ک دایان ئەبڕێ. هەموو منداڵێک پێش ئەوەی خوێندنگا بکرێتەوە پێویستی بە هاوکاری دایک و باوکی و دەوروبەری خۆیه‌تی و دەبێت ئەم تایبەتمەندییانە پێش کرانه‌وه‌ی خوێندنگا لە ناخیدا بەهێز بکرێت، کە بریتین لە:

۱- باوەڕ بەخۆبوون: منداڵان دەبێ هەست بکەن کە ئەتوانن سەرکەوتوو بن لە وانە و خوێندنگادا و گەر لە وانەیەکیشدا پلەی باشیان به دەست نەهێنا. دیسان ئەتوانن هه‌وڵی زیاتری بۆ بده‌ن…

۲- سەربەخۆیی: منداڵان ئەبێ فێر ببن کە ئیتر بە چوونە خوێندنگا بەبێ بوونی دایک و باوکیان، لە خوێندنگاکاندا خۆیان ئیشی خۆیان بکەن.

۳- ئامانج:  ئەبێ بە ئامانجی فێر بوونی زانست و ڕەوشتی باش لە خوێندنگا و وانە و مامۆستاکانیان،  منداڵان بۆ خوێندنگا بنێرنێن.

۴- پێداگری: تایبەتمەندیی  پێداگری لە منداڵاندا بەهێز بکرێت؛ بۆ ئەوەی بزانن هەر ئیشێک کە دەستی پێ ئەکەن بە ئەنجامی بگەیەنن و تا کۆتایی لە سەری بمێننەوە.

۵- پەیجۆر و پەرسا: منداڵان بە شێوەیەکی سروشتی پەیجۆر و پەرسا(کنجکاو)ن و ئەبێ ئەم تایبەتمەندییە لە ناخیاندا بە هێز بکرێت، تادەرفەتی فێربوونیان لەدەست نەچێت.

۶- هاودەنگیەتی: منداڵان ئەبێ بتوانن لەگەڵ کەسانی تریش کار بکەن و شتەکانیان پێکەوە بەکار بێنن و زۆرجاریش دابەشی بکەن. فێر ببن نۆبە و سەرەی خۆیان و هاوڕێکانیان لە هەموو کار و ئەرکێکدا بپارێزن.

۷- خۆ گرتن: خۆ کونتڕۆڵ کردن دەبێت لە ناخی منداڵاندا بەرفرە بکرێت، تا بتوانن بە توندوتیژی وەڵامی هەموو ئیشێک نەدەنەوە و زۆر ئاکاری وەکوو لێدان و ئازاردانی هاوڕێکانیان جێگای پەسند کردن نییە.

۸- هاودڵی: منداڵان ئەبێت هەستی خۆشەویستییان بۆ کەسانی دەوروبەریان و هاوڕێکانیان ببێ و هەست و عاتیفەیان لە بەرچاو بگرن لە هەموو پێوەندییەکدا.

ئەو تایبەتمەندییانە گەر لە کەسایەتیی منداڵاندا بونیاد بنرێن، ئێتر لە خوێندنگا کێشەی پێوەندی گرتن بە دەوروبەری و مامۆستا و فێربوون لە وانەدا کەمتر ڕووبەڕوویان ئەبێتەوە و باشتریش ئەتوانن خۆیان لەگەڵ  چوارچێوەی خوێندنگادا بگونجێنن.

هەموو ئەو گەورەساڵانەی چوونەتە خوێندنگا یەکەم ڕۆژیان لە بیرە و هەموو کات لە مێشکیاندا دەمێنێتەوە. خوێندنگا  دەبێ لەگەڵ هەست و حەزی منداڵاندا گونجاو بێت و کەشێکی ئارام و ئاسوودە بێت بۆیان تاکوو  یەکەم ڕۆژی فێربوونی زانست لە چوارچێوەی خوێندنگادا بەخۆشی لە دەروونیاندا خۆیان جێگیر بکه‌ن و دەسپێکی خوێندن ببێتە بیڕەوەرییەکی خۆش و هەستێکی  خۆش بۆ خوێندن و خوێندنگا لە ناخیاندا.

منداڵ ئەبێت فێری پیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ منداڵی دیکە ببێ و بتوانێ بەبێ  بوونی دایک و باوک بەئاسانی خۆی لەگەڵ خوێندنگادا بگونجێنێ. باشتر وایه‌ دایک و باوک  پێش کرانەوەی  خوێندنگا هەوڵ بدەن  منداڵەکانیان تا ڕادەیەک بەدوور لە خۆیان، لە لای کەسانی متمانە پێکراو بەجێ بهێڵن، تاکوو بتوانن بێ دایک و باوک ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەموو کات وا هەست نەکەن پێویستیان پێییانە.

ئامادە کردنی منداڵ بە مەبەستی ڕۆیشتن بۆ خوێندنگا پێویستە هەر لە دوو حەوتووی پێش کرانەوەی خوێندنگاکان لە ماڵەوە ڕەواڵی ڕۆژانی خوێندنگایان بۆ برەخسێنرێت؛ وەکوو ئەوەی کە منداڵ لە کاتی هەڵسان بۆ چوون بۆ خوێندنگا و شەوانە زوو نووستن، تاکوو منداڵ لە باری جەستەییەوە ئامادەیی هەبێ و لە یەکەم ڕۆژدا بە بێزارییەوە دەس بە خوێندن و چوون بۆ خوێندنگا نەکات.

یەکێک لە کاریگەرترین کارەکان بۆ دڵخۆش کردنی منداڵ بە خوێندن، کڕینی جلوبەرگ و جانتای تایبەت بە خۆێندنگا و پەڕاوگەیە؛ منداڵ بە بوونی ئەو شتانە دڵخۆش دەبێ و هەستێکی خۆش لە ناخیدا دروست ئەبێ بۆ خوێندنگا و خوێندن.

دیاردەی  کەم خەوی. منداڵ لە خوێندنەوە و وانە و خوێندنگا بێزار ئەکات. پێویستە هەر منداڵێک لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا حەوت تا هەشت کاتژمێر بخەوێت. بۆیە گرنگە کە دایک و باوکان کاتی خەوتن و هەستان لە خەو دیاری بکەن بۆ منداڵەکانیان و ڕایان بهێنن کە لە کاتی دیاری کراودا بچنە ژووری نووستن و بخەون، تا ڕۆژانە لە کاتی وانەکانیاندا خەویان نەیەت و ماندوو نەبن لە خوێندن.

هەڵسوکەوتی مامۆستایش زۆر کاریگەری لە سەر منداڵ دروست ئەکات، کە منداڵ گرنگی بە خوێندن بدات یا نە، پێویستە مامۆستاکان لە یەکەم ڕۆژدا وەکوو هاوڕێ لە منداڵان نزیک ببنەوە و بە زمانی هاوڕێیەتی و دوور لە تووڕەیی ئەو ڕۆژە دەس پێ بکەن و هەوڵ بدەن کەشی ناو پۆلەکە به پێکەنین و قسەی خۆش بڕازنێننەوە.

مامۆستا لە خوێندنگا بۆ قوتابی وەک یەکەم کەسی نزیک کە پێوەندی لەگەڵی هەیە وایە، هەر لە سەر ئەم تێڕوانینە  پێویستە مامۆستا زۆر لێهاتوو بێت و بتوانێ لە سەر بنەمای هەستی سۆز و خۆشەویستی پێوەندی لەگەڵ تاک بە تاکی منداڵان دروست بکات و خۆی بە هەڵسوکەوت و ئاکاری باش، ببێت بە نموونەی باشترین کەسایەتی لە زەینی منداڵاندا؛ بەداخەوە زۆرێک لە مامۆستایان تەنیا لە سەر ئەساسی ترس پێکهێنان لە ناو هۆڵی پۆلەکەیان و ڕەفتاری وشک، کەشێکی بێ قسەی خۆش و پێکەنین زاڵ دەکەن بە سەر منداڵاندا و هیچ کە منداڵ ناتوانێ چێژ لە خوێندن وەربگرێ، بەڵکوو لە ناخیاندا تا تەمەنی گەورەیی هەر بێزارن لە خوێندنگا و وانە و کەشی  تایبەت بە خوێندنه‌وه‌. پێوەندیی باش و لە سەر بنەمای متمانەی مامۆستا و قوتابی بۆ فێربوونی وانە پێویستە، ئەگەر خوێندنگایەک پلانی پەروەردەی زۆر باش و ڕێکوپێک و ئیمکاناتی پێویست و مامۆستای کارامەی هەبێ. بەڵام متمانە و پێوەندیی باش لە نێوان مامۆستا و قوتابی نەبێ، منداڵان ناتوانن پێش بکەون. زۆربەی مامۆستایان  لە هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵان زۆر ئاکاری نابەجێ و لە وشەگەلێکی  نەشیاو و پڕ لە تانەوتەشەر کەڵک وەردەگرن و زۆر جار منداڵان هەندێ گاڵتەی مامۆستایان بەرانبەر خۆیان وەک سووکایەتی هەڵدەسەنگێنن و متمانەیان بە مامۆستاکەیان نامێنێ.

پێوەندیی دایک و باوکی منداڵ و مامۆستا و بەرێوەبەرانی خوێندنگا زۆر پێویست و گرنگە و دەبێت ئەم پێوەندەییە تا کۆتایی ساڵ بە شێوەیەکی هەماهەنگ بەردەوام بێت و هەر دوو لایەن  کەموکورتیی منداڵ لە  خوێندن و کێشەکان ئاگادار بکەنەوە. پێوەندیی باوک و دایکی منداڵ لەگەڵ خوێندنگا و مامۆستا و بەرپرسانی خوێندنگا، منداڵ لە کێشەکانی ڕزگار ئەکات و متمانەی  بەرانبەر دایک و باوک و مامۆستاکەی زیاتر ئەکات و ڕێگا لە بەردەم گەشە کردن و پێشکەوتنی منداڵ زیاتر ئەکات.

بابەتێکی تر کە زۆر گرنگە دایکان و باوکان بۆ منداڵان لە بەرچاوی بگرن، پاک و خاوێنی و تەندروستیی منداڵانە، پێویستە هەموو کات و بەتایبەت لە کاتی چوون بۆ خوێندنگا منداڵان جلوبەرگی خاوێنیان بۆ دابین بکرێ و پاک و خاوێنیی جەستەیان هەموو کات ڕەچاو بکەن و لە کاتی نەخۆشیندا منداڵان نەنێرنە خوێندنگا و خۆیان لە ماڵەوە لە فێربوونی وانەکاندا یارمەتییان بدەن، تاکوو نەخۆشینەکە لە ناو خوێندنگا بڵاو نەبێتەوە.

پرۆسەی خوێندن و کرانەوەی خوێندنگاکان بەشێکی گرنگی ژیانی منداڵانن، کە بەشی هەرە گرنگی کەسایەتیی منداڵیش کە پەروەردەیە پێک دێنێت و بە بێ یارمەرتیی گەورەکان منداڵ ناتوانێ باش خۆی لەم پرۆسەیەدا و لە ماڵی دووهەمی خۆی کە خوێندنگایە بدۆزێتەوە. لێرەدا ئەرکی گەورەکان بەتایبەت مامۆستایان فراوانترە و ڕۆڵی بەرزی هەیە بۆ ئەوەی منداڵ ببنە ئەوینداری وانە و خوێندنگا و خۆشەویستیی خۆیان تا تەواو کردنی هەموو قۆناغەکانی خۆێندن، بهێڵنەوە و بێزار نەبن لە خوێندنگا و فێربوون.

این مطلب در شمارە ۲۳ ماهنامە چیا بە چاپ رسیدە است.

آدرس رسمی کانال تلگرامی انجمن سبز چیا: @CHYA2716

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد