جدیدترین :

بزاڤی ژینگەپارێزی لە بەرزەخی بوون و نەبووندا

بەیان نیک بین

قەیرانی ژینگە، یەکێ لە گرنگترین قەیرانەکانی ژیانی ئەم سەردەمەیە. مەخابن مرۆڤ بە چاوچنۆکییەکی گەمژانە، بازاڕەکانی بەکارهێنانی ناپێویستی کردووتە گۆڕەپانی کێبەرکێیەک بۆ خنکاندنی ژیان.

بە بڕوای کارناسانی ژینگەپارێز، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم کارەساتە، بە بێ بەشداری هوشیارانەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی جەماوەر، هەنگاوێکی جێی بایەخ هەڵناگیرێ. هەروەها بیرۆکەیەکی ژینگەپارێزانە، دامەزراندنی ڕێکخراوەی ژینگەیی نادەوڵەتی، بۆ ڕێنوێنی و خستنە سەر هێڵی ئەو بەشدارییە بە پێویست ئەزانێ.

تەکنۆلۆژیا، ژینگە و سروشت دەخاتە بەر مەترسی

بیر و هزری پاراستنی ژینگە بۆ یەکەم جار لە کتێبی “مرۆڤ و سروشت” (١٨۶۴) لە لایەن “جۆرج پرکینز مارش” هاتوەتە ئاراوە. بەڵام لە ساڵەکانی ١٩۶٠دا باسی پاراستنی ژینگە بوو بە ڕۆژەڤ. ئەمەش بە هۆی ڕووداوەکانی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی و هەڵبەزینی سەرسووڕهێنەری تەکنۆلۆژیا و کەوتنەبەرمەترسی، ژینگە و سروشت بوو.

بۆیە بزووتنەوەی سەوز وەک بەشێکی چالاکی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ پاراستنی ژینگە، پێی نایە گۆڕەپانی خەبات و بەخێراییش خۆی خزاندە نێو جیهانی سیاسەت. بەم جۆرە ژینگەپارێزان بوونە هێزێکی بەرچاو و سەرنجی جەماوەرێکی زۆریان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا و هەوڵ ئەدەن بۆ گۆڕینی ژیان بە قازانجی ژینگە و سروشت، لە هەموو بیرۆکە و ڕێکارەکان کەڵک وەرگرن.

ژینگەپارێزی؛ چاکسازی یا بەشێک لە بزووتنەوەیەکی ئیدئۆلۆژیکی

بەگشتی، بزووتنەوەی ژینگەپارێزی لە باری بیرکردنەوە و ئاکار، بەرەو دوو ئاقاری جیاواز مل دەنێ؛ یەکیان خوازیاری چاکسازی لە شێوەژیانی مرۆڤدایە و دەیەوێت بە بێ هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی سیستەمی سەرمایەداری و پیشەسازی و تکنۆلۆژیا، بە گۆڕانکاری لە شێوە ژیانی مرۆڤ و ڕەوتی بەرهەم هێنان و بەکاربردن، ژیانی سەوز و ژینگەیی بکاتە نموونەی ژیانێکی تەندروست و سروشت پارێزانە. بەڵام ئاقاری دووهەم پێی وایە ئەبێ بەر بە تکنۆلۆژیا و پێشکەوتنی پیشەسازی بگیرێت و سیستەمی سەرمایەداری هەڵوەشێتەوە و بە قەناعەت و دوور لەم جیهانە پڕ زەرق و بەرقە، ژیانی ئاسایی و ساکار ببێتە نموونەی ژیان بۆ پاراستنی ژینگە و سروشت.

بەمجۆرە ئەگەر بزووتنەوەی سەوز وەک سیستەمێکی سیاسی چاولێبکەین، ژینگەپارێزانی چاکسازیخواز نابنە بەشێک لە بزووتنەوەیەکی ئیدئۆلۆژیکی و پێیان وایە تکنۆلۆژی کێشەکانی خۆی چارەسەر ئەکات و پێویست ناکات هەوڵی لەناوبردنی پیشەسازی بدرێت و بە ڕێکاری چاکسازی و بەڕێوەبەرایەتی ژیرمەندانە، لە خەسارەکانی گرفتە ژینگەیەکان کەم ئەکرێتەوە.

بەڵام باڵی دووهەمی بزووتنەوەی سەوز، کە بە ئکۆلۆژیستەکان ناسراون، بڕوایان بە هەڵوێستی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە هەیە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی پێشەسازی و ڕەوتی سەرمایەدارین و بە پێچەوانەی چاکسازیخوازان، بزاڤێکی ئیدئۆلۆژیکین. (دابسون: ۱۳۷۷، ۱۲ ـ ۱۰) ‌.

پێکهاتنی ڕێکخراوە و پەیمانە ژینگەییەکان

یەکەم پەیمانی ژینگەیی لە ساڵی ١٩٧١، لە ڕامسەری ئێران و بۆ پاراستنی پەنگاوەکان واژۆ کراوە. هەرەها گەورەترین ڕێکخراوەی ژینگەیی جیهان، بە نێوی “ئاشتی سەوز”، لە ساڵی ١٩٧١، لە ڤەنکۆڤێری کانادا دامەزراوە و لە ساڵی ١٩٩۴ بووەتە ڕێکخراوەیەکی نێودەوڵەتی و ملوێنان کەس ئەندامیەتی و لە ساڵدا زۆرتر لە ١٠٠ ملوێن دۆلار داهاتی هەیە. (کاستلز: ۱۳۸۱، ۱۵۵).

ژینگەپارێزی؛ بزووتنەوە یا ئاکارێکی کۆمەڵایەتی

ئیستە لە جیهان و ئێران و کوردستاندا، هەزاران ڕێکخراوەی سەوز و ژینگەپارێز دامەزراوە و لە بوارە جۆڕاجۆرەکاندا چالاکی دەنوێنن. ئەگەرچی ئەکڕێت ئاماژە بکەینە هەبوونی بزووتنەوەیەکی سەوز لە جیهانی گەشەسەندوو، بەڵام هەبوونی ئەو بزاڤە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین جێی گومانە و ئەو ڕێکخراوە ژینگەییانە لەم ناوچە، تەنیا ئەتوانن بەشێک بن لە ئاکارە کۆمەڵایەتییەکان، نەک بزووتنەویەکی کۆمەڵایەتی.

بزاڤی ژینگەپارێزانە ئەبێ چەند تایبەتمەندییەکی هاوبەشی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانی ببێت. یەک لەوانە؛ هەبوونی تۆڕێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی پێکهاتوو لە کەسایەتی و تاقم و ڕێکخراوەی چالاکی ناحکوومی، دووهەم؛ توانای جێگیرکردنی گوتارێکی هوشیارکەرەوە و خاوەن پێناسە و هەڵگیرسانی ئاگری هەڵوێست و هیوا بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش. سێهەم؛ ئامادە بوونی بزووتنەوە بۆ خەباتی چالاکانە، تەنانەت ئەگەر نەیارانیشیان سەر بە دەسەڵات بن. (جلائی پور: ١٣٨۴، ۱۱)

تا ئیستا گوتاری ژینگەپارێزی نەبوەتە ڕۆژەڤ

بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە؛ لە ڕۆژهەڵات، بەتایبەت لە ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، گوتاری ژینگەپارێزی، گوتارێکی بەهێز نییە و نەبوەتە ڕۆژەڤ. واتە ناڕەزایەتییەکی گشتی لە هەمبەر بابەتی ژینگە و ژینگەپارێزیدا بەدی ناکرێت و بزاڤێکی سەوزی پەڕوپاڵدار نییە لە ئارادا.

دیارە ژینگەپارێزان لە سەرتاسەری جیهاندا و بە تایبەت وڵاتی ئێمە ڕێگایەکی پڕ هەورازونشێویان لەبەرە. ژینگەپارێزان ئەبێ هەر جۆرێ بووە، جەماوەی خۆیان لەوە تێبگەیەنن کە ئەو کێشە و گرفتانە کە بە هۆی دەستێوەردانی مرۆڤ لە ژینگە و سروشت ڕووبەڕووی ئەبینەوە، زۆر مەترسیدارن و ئەبێ بیری لێ بکەنەوە.

بۆیە پێویستە ڕێکخراوە ژینگەپارێزیەکان، هەوڵێکی زۆرتر بدەن و بە زانست و لێکۆڵینەوەی زۆرتر و بە هۆی کەسانی خاوەن بڕوا و لەخۆبردوو، گرنگی ژینگە بۆ جەماوەر شی بکەنەوە و ببنە جێی متمانەی زۆرینەی کۆمەڵگە. بەداخەوە ئەم ڕەوتە هێشتا لە یەکەم هەنگاوەکانی خۆیدایە و زۆری ماوە بزاڤێکی بەو جۆرە دەستنیشان بکەین. تەنانەت لە زۆر شوێندا ئەندامانی ڕێکخراوەی ژینگەپارێزیمان دیوە کە نەک پابەند نەبوە بە ئامانجەکانی ڕێکخراوەکەی، بەڵکوو پێچەوانەی پاراستنی ژینگە و سروشت هەنگاوی هەڵگرتووە!

زۆری و بۆری ڕێکخراوە، نەبوەتە هۆی باشبوونی باروودۆخی ژینگە

ئەمە لە کاتێدایە بە هۆی دەستدرێژی بەردەوامی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناهوشیار و بڕێک لە دەزگا دەوڵەتییەکان بۆ سەر ژینگە، سەدان ڕێکخراوی ژینگەپارێزی بە بێ لەباربوونی بەستێنی کۆمەڵایەتی و گەشەی شارستانییەتی کۆمەڵگە، هاتوونەتە مەیدانی چالاکی. بەداخەوە زۆری و بۆری ئەم جۆرە ڕێکخراوانە نەبوەتە هۆی باش بوونی باروودۆخی ژینگە و بگرە، بڕێکی زۆر لەم دامەزراوانە یا تووشی قەیرانی بیرۆکە و قەیرانی ماڵی بوونە و یا بە هۆی وەرگرتنی یارمەتی دەوڵەتی، سەربەخۆیی خۆیان لەدەست داوە.

ڕوانگەی ئەمنییەتی؛ سێبەری قورسی دەسەڵات بە سەر چالاکی ژینگەپارێزانەوە

بابەتێکی گرنگی دیکە، هاوڕێ و هاوکار نەبوونی دەوڵەت و دەسەڵات بە گشتی لە گەڵ ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان و بە تایبەت ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکاندایە. دەسەڵات نەک ئامادە نییە هاوکاری پێویست بداتە ئەو ڕێکخراوانە، بەڵکوو وەک هەووی خۆی چاویان لێ دەکات و بەردەوام ڕوانگەیەکی ئەمنییەتی دەکاتە هەوێنی هەڵسووکەوتی لە گەڵ ئەم ڕێکخراوانەدا.

چاودێری توند و تۆڵ لە سەر ڕێکخراوەکان کە بوەتە هۆی داسەپانی سێبەری ترس و دوودڵی و خۆدزینەوە لە بڕیاری پێویست، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەستدرێژی کردن بۆ سەر ژینگە، زۆرتر بە هۆی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەوەیە کە لە لایەن دام و دەزگا و دامەزراوە خاوەن دەسەڵات و چەکداری و حکومییەکانەوە پشتیوانی ئەکرێن (دروستکردنی بەنداو و پاڵاوگە و …). دیارە هەڵچوون و بەربەرەکانێ لە گەڵ ئەم جۆرە دام و دەزگانەدا تێچوویەکی گەلێک گرانی لێدەکەوێتەوە و لە توانای ناوەندە ژینگەپارێزەکاندا نییە. بۆیە ناوەندە ژینگەپارێزەکان بەناچار تووشی خۆپارێزی دەبن. نیشانەی ئەم خۆپارێزییە، پێداگری لە سەر هوشیارکردنەوە و فێرکارییە کە ئەمە جۆرێکە لە دوورکەوتنەوە لە ناڕەزایەتی دەربڕینی کاریگەر بۆ ئەوەی تاوانبار نەکرێن بە کاری سیاسی!

بەگشتی بە هۆی زێدەڕەوی لە دروشم گەرایی و دوور کەوتنەوە لە هەوڵی شێلگیر و ئەو بەربەستانە کە باس کرا، ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان و بە تایبەت ژینگەییەکان، پێشوازییەکی ئەوتۆیان لە لایەن جەماوەر و بە تایبەت لاوانەوە لە ئاستی بەربڵاودا لێ ناکرێ.

شێلگێری و بوێری؛ ڕێگایەک بەرەو هیوا بە دواڕۆژ

بەڵام، سەرەڕای ئەو دۆخە نەخوازراوە بۆ چالاکانی ژینگەپارێز؛ لە هەر شوێن و ناوچەیەک، هەوڵی شێلگیر و بوێرانە بۆ پاراستنی ژینگە و ڕوبەڕووبوونەوە لە گەڵ دەستدرێژیکاران درابێ، دەستکەوتی سەرکەوتوانە بەدی کراوە. نموونەی ئەم جۆرە چالاکییە لە لایەن ئەنجومەنی سەوزی چیا لە مەریوان زۆر بەرچاوە و ئەم دامەزراوە سەلماندوویەتی کە دەکرێ هەوڵ بۆ ڕێکخستنی بزاڤێکی سەوز بدرێت. ئەمەش بە خەسارناسی بەردەوامی لایەنە نەرێنییەکانی ئەم چالاکییانە و بڕوابەخۆبوون و هوشیارکردنەوە و بوێری و خۆنەبەستنەوە بە هیچ لایەنێکی حکوومی و حزبی دەکرێت.

سەرچاوە:
ـ آذرنگ، عبدالحسین (۱۳۶۴) تکنولوژی و بحران محیط‌زیست،

تهران، انتشارات امیرکبیر.

ـ امینی، فرهاد (۱۳۸۰) جنبش سبزها

ـ جلائی پور، حمیدرضا (۱۳۸۱) جامعه‌شناسی جنبش‌های اجتماعی، تهران، نشر طرح نو.

ـ دابسون، اندرو (۱۳۷۷) فلسفه و اندیشه سیاسی سبزها، ترجمه محسن ثلاثی، تهران، نشر آگاه.

 

ئەم بابەتە لە شمارەی ۲۳ی مانگنامەی چیادا چاپ کراوە.

 

ئادرەسی کاناڵی تلگرامی فەرمیی ئەنجومەنی سەوزی چیا    @chya2716

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد