جدیدترین :

سوورپڵنگێ لە ڕەگەزی بەڕوارەکانی زاگرۆس

لە دەڤەری پاوە ورەیەکی پۆڵایین ڕەچەڵەکی بەرخۆدانی گرتوەتە بەر و پڵنگانە لە پێناو ژیاندا وەستاوەتەوە و مل کەچی ئەهریمەنی تێکدەرانی ژینگە نەبووە.
“عرفان ڕەشیدی” لە دایک بووی شاری پاوە، لە سەرەتاکانی دەیەی نەود، چالاکیی ژینگەپارێزی خۆی دەسپێکردوە و ساڵی ۱۳۹۱ی هەتاویی بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا. “ڕەشیدی” باسکێکی بەهێزی ژینگەپارێزی ئەو ناوچەیە. بە تایبەت دەستی هەڵمەت و تێکۆشانی بە سەر زامی لاشەی برینداری دارستانەکانەوە دیارە. کاک عرفان فەرماندەیەکی لێهاتووە بۆ بەرامبەرکێ لەگەل ئاگری کاولکاردا و بە هەموو هێزیەوە شەو و ڕۆژی لەسەر یەک ناوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی بەرگری و کوژاندنەوەی ئاگر. ئەڵبەت نەک تەنیا پاوە و هۆرامان بەڵکوو ناوچەکانی تری وەک مەریوان، ئیلام، کرماشان و … پڕە لە جێ هەنگاوەکانی ئەو کەڵەپیاوە، دەوەنەکانی ئەو ناوچانە ناوی “عرفان”یان کردوەتە ناوی نهێنی ڕۆژانی سەختەوەرییان.
لاوێک کە تازە پێی ناوەتە سێهەمین دەیەی ژیانییەوە، بەڵام پەیمانێکی تاهەتایی لەگەل سروشت و ژیان بەستوە. ئەو لەبەر ئەوەی باوەڕی قووڵی هەیە بە مافی ژیانی گیانلەبەرانی تر، ژیانی گیاخۆری گرتوەتە بەر و ئەوە بۆ چەند ساڵە وازی لە خواردنی گۆشت هێناوە. لە ئایینی ژینگەپارێزی ئەودا خواردنی گۆشتی ئاژەڵان کفرە و گوناهێکی نەبەخشراو.
“عرفان” تەنیا فریادڕەسی دارستانەکان نەبووە، ئەو خەمی هەژارەکانی لە کۆڵ ناوە و گۆچانێ بووە بۆ کۆڵبەران. هەوڵی داوە ببێتە تیکە نانێ بۆ مناڵی برسی، خەمی نایەکسانی لە کۆڵ ناوە و لە بەرامبەر نادادپەروەریدا وەستاوەتەوە. ڕۆحی بەرزی “ڕەشیدی” ئارام گرتنی نییە و شەپۆلی هەستی ناسکی هەموو لایەکی گرتۆتەوە. هێز و وزەی ماندوونەناسی گەشتۆتە هەر دەڤەر و ناوچەیەک و ئەندامی پارێزەرانی “ئاژەڵە بێ پەناکانی سروشت”ە و بە هەست و هزر و جەستە خزمەتی مرۆڤایەتی دەکات. ناوبراو ئەوەی لە دەستی هاتبێ لە ڕێگای خزمەت بە گەشە و سەرکەوتوویی نیشتمان کردوویەتی و هەروەها بەرپرسیارەتی کومیتەی عەمەلیاتی “ئەنجومەنی ژیوای پاوە”ی لە سەر شانە و ئەندامی “ئەنجومەنی ئەدەبی قەڵەمی هاوچەرخ”ە لە پاوە.
هەرچەندە کار و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و کولتووری “کاک عرفان” زۆرن؛ وەکوو ئەندامەتی “ئەنجومەنی مووسیقی پاوە”، بەڵام جێ پەنجەی ڕەنگین و بەنرخی هەوڵ و ئەرکی لە رێگای پاراستنی ژیان و ژینگەدا، کردوویەتی بە هێمایەک لە بەرگری و نا وتن بە سووتان و فەوتانی دارستان.
چالاکی و بەرخۆدانی ئەو کەڵە پیاوە، ئەوی تووشی هەندێ نەهامەتی و ئازار کردوە، ئەوەی کە ناتوانێ هەموو ئازارەکانی مرۆڤایەتی ساڕێژ کات، خەمێکی گەورەیە بۆی، ئەوەی کە ڕۆژانە زەوی تووشی خەسارێکی نوێ ئەبێ زامی ئەو ئەکولێنێتەوە. “عرفان” جیاواز بیر ئەکاتەوە، ئەمەش ڕەنگە دڵخوازی هەموو کۆمەڵگا نەبێت، جیاواز بوون، باجێکی زۆری هەیە کە “عرفان” ناچار بوە بەردەوام باجی جیاوز بوونی خۆی بە نسبەت بیر کردنەوەی لە جیهان بدات..
ناوی “عرفان ڕەشیدی” تێکەڵاو بە هەموو ژینگە بووە و هاوڕێ لە گەڵ شاهۆ و کۆساڵان و سوورێن و داڵاهۆ، سیاوچەمانە ئەچڕێ و سروودی هەرمانی نیشتمان ئەخوێنێت، شان بە شانی درەختەکان لە دەوری ژینگەپارێزیدا هەڵئەپەڕێ و ڕووی کردۆتە داهاتوویەکی رووناک و گەشاوە و بڕیار وایە تا گەیشتن بەو ئاسۆ ڕوونە، چرکەیەک ڕانەوەستێ.

لە ژمارەی ۲۲ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد