جدیدترین :

چرۆی هیوا

محەمەد سدیق کەریمی

مرۆڤ بوونەوەرێکی سەیره، له گەل ئەوەدا که گەورەترین داهێنانەکان دەکات مەزنترین ڕووخێنەره. له سووچێکی دنیادا کەسێک دەبێته «نەرگس» و فریشته ئاسایی سێبەر دەخاته سەر منداڵانی هەژار له هیندستان و له لایەک دەبێته «سەددام» و پێنج هەزار خەون هەڵدەڕێژێته داوێنی مەرگ!
زۆرێک له خودی مرۆڤەکان ئەم دژبەرییەیان لێ بووەته پرسیار و به درێژایی مێژوو له سەری دواون. به ڕاستی بۆ دەبێ کەسێک هێنده لایەنی هزریی لاواز بێت دارستانێک بەو هەموو ڕەنگه له ژیانەوه ئاگر تێبەربدات و مرۆڤێکی تر ئاستی بیرکردنەوەی گەشتبێته ڕادەیەک که گیانی خۆی بخاته مەترسی و ئەو ئاگره بکوژێنێتەوه؟ چی وادەکات ئەم دوو جەمسەره له ژین پێکبێن و ئەو ڕێگایانه له کوێوه دەست پێدەکەن که ئەم دوو کردەوه دژه له یهک نزیک بکەنەوه و دەستیان بکەنە ملی یەکتر؟
زۆرێک له زانایان، خەتای چەوتی مرۆڤیان له گەورەساڵیدا گێڕاوەتەوه بۆ «بارهێنان» و به سەدان و هەزاران وتار و کتێب و کۆڕ و کۆبوونەوه و … لەم بووارەدا سازکراوه و به گشتی بارهێنان وەکوو بنەڕەتێک چاوی لێدەکرێ که بنیاتی مرۆڤی له سەر ساز دەکرێ. چۆنییەتی بارهێنان و ئەو ڕەوتەی که دەرونناسەکان – له پیاژه و فرۆیدەوە بگره تا ئێستا – له سەری ڕۆیشتوون و بۆ خۆی باسێکی تێر و تەسەله و لێرەدا جێی نییه.
ئەوەی ڕوونه کۆمەڵێک تەجروبه کار دەکەنه سەر مرۆڤ و دەبنه پێشینەیەک که له دواڕۆژدا ئەتوانن هاندەربن بۆ ئەوەی مرۆڤ شانسی ئەوەی ببێت ڕوو له ژیانێکی سەلامەت هەنگاو بنێ به هەموو هات و نەهاتەکانییەوه.
وەکوو دیاره کۆمەڵگای کوردەواری به قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ و هێشتا له پێشینەی ژیانی ئاژەڵداری و وەرزێری نەبووەتەوه، کەوتووەته دونیای ئاڵۆزاوی پاشمۆدێڕن و شارستانییەتێک که به پڕتاو بەرەو قۆناغگەلێک دەڕوات که ئەوسەری نادیاره و ئەم قۆناغه کوتووپڕه وای کردووه ڕەوتی بارهێنانی ئاسایی تووشی شۆک ببێت و، ئەو ڕێگه و ئامڕازانەی دایک و باوکان ئەیانەوێ منداڵی پێ باربهێنن، زۆر کارا نەبن و شپرزییەک به زۆربەی بنەماڵەکانەوه دیاره که وردەورده کۆمەڵگایشی گرتووەتەوه. ماوەیەکه ڕووناکبیران و چالاکانی بواری مەدەنی هەستیان بەم کەلێن و شپرزییه کردووه و هەریەکەو به بۆچوون و بەپێی زانیاریی خۆیان هەوڵیانداوه به کردەوه له لایەنە نەخوازراوەکان کەم بکەنەوه و کۆمەڵگا یارمەتی بدەن بەرەو ژیانێکی خوازراو هەنگاو بنێت. چەندین ئەنجومەن و دامەزراوەی جیاواز، هەریەکەو له ژێر ناوێکدا هەوڵیان داوه مرۆڤ له ژیان نزیک بکەنەوه. ئەدیبان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ له دەقی نووسراوەکانیاندا لێی دوواون، ناوەنده فەرهەنگییەکان له توندووتیژی و کاردانەوەکانی کۆڵیونەتەوه، دامەزراوه فێرکارییەکان وانەیان بۆ خوازیاران داناوه و، مامۆستایان خۆبەخشانه بەشداربوون و وەکوو ئەرکی سەرشان کاریان بۆ کردووه و … . به گشتی هەریەک لەم هەوڵانه له گەل ئەوەیدا که بێ ڕەخنه نەبوون و نین، جێگەی دڵخۆشین.
یەکێک لەو ناوەندە وەرزشییانەی که به شێوەیەکی چاوەڕوانکراو – له باروودۆخی هەستیی خەڵکی مەریوان – هەنگاوی ناوه بەرەو ڕاهێنانی وەرزشوانان ناوەندێکی فێرکاریی یاری فووتباڵه به ناوی «مدرسه فوتبال ماهان چیا». ئەم ناوەنده هەستاوه به درووشمی ژینگەپارێزییەوه ئەرکی ڕاهێنانی پتر له سەد منداڵ و مێرمنداڵی وە ئەستۆ گرتووه تاوەکوو له وەرزی هاویندا پاش ئاشناکردنی ئەو تازەلاوانه له گەل یاری «تۆپی پێ» ئامادەیان بکات بۆ کێبەرکێ و بەم شێوەیه له ڕووحی هاریکاری و کاری بەکۆمەڵ نزیکیان بکاتەوه. ئەم کاره له خۆیدا کارێکی پیرۆزه و لەوەش گرنگتر ئەوەیه که دوو بارهێنەری لاو به پشتیوانی یەکێک له وەرزشوانه بەناوبانگ و خۆشناوەکانی شارەکەماندا بەوپەڕی سۆزداری و هەستکردن به بەرپرسیارەتییەوه لۆگۆی ناوەندەکەیان تێکەڵ به درووشمی ژینگەپارێزی کردووه و هێمایەکیان له، لەشساغی و خۆشەویستیی نیشتمان پیشانی منداڵان داوه که بێگومان له بارهێنانی درووستی منداڵاندا کاریگەر دەبێت. لەم هێمایەدا به هێنانەوەی وێنەی باڵندەیەک، که مەترسی لەناوچوونی لەسەره، خۆشەویستیی خۆیانیان بۆ گیانلەبەران و گرنگایەتیی پاراستنی گیانی ئهوان پیشان داوه. شایانی باسه که ئەم جۆره سۆنەیه (اردک بلوطی) پێشتر له زەلکاوەکانی دەورووپشتی زرێباردا بەزۆری بەرچاو دەکەوت، کەچی بەداخەوه له ئیستادا به بۆنەی سستی بەرپرسان و ڕاوکردنی لەڕادەبەدەریان هێنده کەم بوونەتەوه که خەریکه فڕەی باڵەکانیان لەبیری وردەشەپۆلەکانی زرێبار دهچێتەوه.
ئەم هەوڵەی ناوەندی فێرکاریی «ماهان چیای مریوان» وەکوو هەوڵێکی پیرۆز چاو لێدەکرێ و هیوادارین بووژاندنەوەیەک بێت که بتوانین له داهاتوودا کاردانەوه باشەکانی له ئاستی مەریوان و هەموو کوردەواریدا بەدی بکەین. تا ئەو کاتەی که هیواکان، چرۆیان ببێته لق و دارستانی ژیان چڕتر و سەوزتر بکەن.

 

ئەم بابەتە لە ژمارە ۲۱ مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد