جدیدترین :

پشووی هاوین و کاتی بەتاڵی منداڵان

 

خەلیل خاوەریان

لە دوای تەواو بوونی وەرزی خوێندن و خوێندنگا، کە زۆبەی ساڵەکان پشووی هاوینه‌ لە نیوەی مانگی جۆزەردانەوە دەست پێ ئەکات زۆربەی منداڵان  لە ئاستێکی باش لە  تاقی کردنەوەی وانە و خوێندنگاکانیان سەر ئەکەون و کاتی بەتاڵیان زۆر دەبێ.

هەنووکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆربەی دایکان و باوکان بۆ پڕ کردنەوەی کاتی بەتاڵی پشووی هاوینی منداڵانیان، پلان و ڕێگای زۆر ئەدۆزنەوە کە لەوانەیە لەگەڵ هەست و توانای منداڵان گونجاو نەبێت و منداڵان لە باتی فێر بوون و چێژ وەرگرتن لەو پلانانە ماندوو ببن و کاتی بەتاڵیان  هەر بە فێڕۆ بروات و زۆر جار منداڵان ڕووبەڕووی کاری زیاتر لە ئاستی خۆیان وەک دەسفرۆشی و کاری ناو کارگەکان  و شاگردی فیتەر و پێڵاو بۆیاخ کردن و فرۆشتنی ساردەمەنی وەک بەستنی و … دەبنەوە، بۆیە پێویستە دایکان و باوکان زۆر خاڵ هەیە ڕەچاوی بکەن و منداڵانیان بەو پلانانە نەڕەنجێنن و بە ڕاوێژ کردن لەگەڵ منداڵان و لە بەرچاو گرتنی ئاستی توانایی و هەستی ئەوان پلان بۆ پڕ کردنەوەی  کاتی بەتاڵی پشووی هاوینیان دابنێن.

کاتی پشووی هاوین تایبەت بە منداڵانە بۆیە پێویستە منداڵان بەو کار و پرۆگرامانە سەرقاڵ ببن کە حەزیان لێیەتی، بەڵام پێویستە کە بزانین سەرقاڵ بوون و پڕ کردنەوەی کاتی بەتاڵی منداڵانیش بە بێ چاودێری گەورەکان، ئیشێکی هەڵەیە.

هەندێ لە دایکان و باوکان پارەیه‌کی  زۆر ئەدەن بە ناوەنده‌ وەرزشی و فێرکارییه‌کان بەبێ ئەوەی هەست و توانای منداڵەکانیان لە بەر چاو بگرن، تا کاتی پشووی هاوینیان بۆ پڕ بکه‌نەوە و لە لایەکی دیکەوە زۆرن دایکان و باوکانێک کە لە بەر دەس کورتی و نەبوونیی، توانای ناردنی منداڵەکانیان نییە بۆ ئەو ناوەندە فێرکارییە هونەری و زانستی  و وەرزشییانه‌ و منداڵانیان دەنێرن بە دوای کار و دەسفرۆشی و زۆر ئیشی تردا، کە منداڵان لە دونیای منداڵانەیان دائەبڕێ.

زۆر کات بردنە دەرەوەی منداڵ بۆ ناو پارک و یاری کردنێکی ساکار لە دەرەوە زۆرتر یارمەتیدەرەی شادی و گەشاوەیی منداڵە، تا ئەو بڕیارانەی گەورەکان بەبێ لە بەر چاو گرتنی هەستی منداڵان دەری ئەبڕن.

پێویست نییە کە گەورەکان بڕیاردەر بن لەوەی منداڵان چۆن کاتی بەتاڵیان پڕ بکەنەوە؛ بەڵکوو پێویستە گەورەکان تەنیا وەک یارمەتیدەر و چاودێر، منداڵان رێنوێنی بکەن  که‌ چۆن سەرکەوتن بەدەست بێنن لە چوون بۆ ئەو خولە فێرکارییانە. منداڵ لە ساڵدا کە خەریکی خوێندن و ڕۆشتن بۆ خوێندنگا بووە زۆر بە پەرۆشە کە هاوین پشوو بدات و وزە بگرێ و ماندوویەتی خۆی دەر بکات. پێویستە گەورەکان بە بڕیاری نابەجێ و بەبێ لە بەرچاو گرتنی هەست و توانای منداڵان ئەوەندەی تر ئەوان ماندوو نەکەن لە فێر بوون.

بە بێ لە بەرچاو گرتنی لایەنی نێگاتیڤی خولی فێرکاری بۆ پشووی هاوینی منداڵان، ئەو ناوەندە فێرکارییانە لایەنی پۆزەتیڤی  زۆریشی هەیە وەکوو دوور خستنەوەی منداڵ لە چوارچێوەی ماڵ و تیڤی و کامپیوتەر و تەبلت و… کە دەبنە هۆی ئەوە کە منداڵان کەمتر جووڵە و هەستانیان ببێ و دابڕانی کۆمەڵایەتی و تەمبەڵی و تاکگەرایی … لە خۆیاندا بونیاد بنێن. بەشداری کردنی  لە خولە فێرکاری و وەرزشییەکان دەبێتە هۆی باوەڕ بە خۆ بوون و بەهێز کردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە کەسایەتیی منداڵدا. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ئەو خولە فێرکارییانە بە شێوازێکی دروست و لە سەر ئەساسی هەستی حەز کردنی منداڵان بەڕێوە بچێ دەبێتە هۆی گەشە کردنی بەهرە و لێهاتوویی و ڕێنوێنیی باش بۆ توانایی منداڵان لە ئەنجامدانی ئیش و کاری ژیانی خۆیان و داهاتوویاندا.

کێشەیەکی دیکە  کە لە وەرزی پشووی قوتابخانەکاندا ڕووبەڕووی منداڵانی  دەرەوەی شار دەبێتەوە ئەوەیە کە زۆربەی دێهاتەکانمان بێبەشن لە ناوەندی فێرکاری و وەرزشی و منداڵان ناتوانن کاتی بێکارییان پڕ بکەنەوە، هەر چەند منداڵانی گوندەکان زۆربەیان سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین؛ بەڵام پێویستە کە بەرپرسان هەوڵ بدەن ناوەندی فێرکاری و وەرزشی لە دێهاتەکان بکەنەوە و دایبمەزرێنن تا منداڵانی دێهاتیش بێبەش نەبن لە گەشە کردن.

بەداخەوە هەندێ لە دایک و باوکان لە دوای تەواو بوونی قوتابخانە، منداڵانیان بە تایبەت تازەلاوانی کوڕ  دەنێرنە دەرەوی ماڵ بۆ کار کردن و دەسفرۆشی، لێرەدا نەک تەنیا منداڵان دائەبڕێنن لە دونیای منداڵیی خۆیان، وا ئەزانن دڵسۆزی ئەکەن کە منداڵەکانیان بە کار کردنی وەک  دەسفرۆشی و بۆیاخکردنی پێڵاو و بەستەنی فرۆشی و کار لە کارگەکان و … سەرقاڵ ئەکەن،  ئیتر ناچن بە دوای کاری خراپ  و فێری کار کردن و پارە پەیدا کردن ئەبن.

پێویستە بیزانین کە لە هیچ یاسایەکدا کار کردن بۆ مرۆڤی ژێر ۱۸ ساڵ ڕەوا نییە و منداڵ  ناپارێزێ لەوەی کە لە دەرەوی ماڵدا،  نەچێت بەدوای کاری هەڵە و چەوتدا، بەداخەوە منداڵێک کە مافی خویەتی کە بەشداری وەرزش و یاری یان فێری زمان و هونەر و خوێندنەوە و زۆڕ شتی باشی تر ببێ، ئیتر ئەچێتە ناو دونیایەک کە زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەترە و بۆ پەیدا کردنی پارە هەندێ جار مەجبوور بە زۆر کار دەکرێ کە لە ئاست و توانای ئەودا نییە.  زۆربەی ئەو منداڵانەی کۆمەڵگا کە دەسدرێژیی جنسی ئەکرێتە سەریان گەر لێکۆڵینەوەیان لە سەر بکرێ، زۆربەیان منداڵانی کارن و هەندێ جار لە بەر پارە مەجبوور کراون قەبووڵی بکەن دەسدرێژی بکرێتە سەریان.

هەر چەندە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان هەندێ لە دایکان و باوکان لە بەر دەسکورتی یان نەبوونی، ناتوانن منداڵەکانیان بنێرن بۆ خولە فێرکاری، هونەری و وەرزشییەکان، بەڵام ئەتوانن هەر هیچ نەبێ منداڵانیان ببەنە دەرەوە و لە پارک و گەشت و سەیراندا لەگەڵیان بن و لێرەدا ئەرکی بەرپرسان و وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنانە کە بیر لەم چینەیش بکاتەوە هەر هیچ نەبێ لە خوێندنگەکاندا خولی فێرکاریی هونەری و وەرزشی بۆ منداڵە هەژارەکان بکاتەوە تا ئەوانیش بێبەش نەبن لە  خۆشی و گەشە کردنی دونیای منداڵانەیان.

به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ ئێستا له‌ زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستان له‌ ناوه‌نده‌ فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بییه‌کاندا خولی فێرکاریی زمانی کوردی بە زۆرێک لە شێوەزارەکان دائه‌نرێت؛ لێره‌دا گه‌وره‌کان ئه‌توانن منداڵه‌کانیان بنێرنه‌  ئه‌و ناوه‌ندانه‌ تا چیتر منداڵه‌کانیان بێبه‌ش نه‌بن له‌ خوێندن و نووسینی زمانی دایکییان. چون  به‌ پێی لێکۆڵینه‌وه‌ زانستی و ده‌روونناسییه‌کان ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ زیاتر زاڵن به‌سه‌ر زمانی دایکییان، سه‌رکه‌وتنی زیاتر به‌ ده‌ست دێنن له‌وانه‌ی که‌ توانای به‌ کار هێنانی زمانی دایکییان نییه.

لە وەرزی پشووی وانە و خوێندنگەکاندا گەورەکان ئەتوانن بە بێ ئەوەی منداڵەکانیان ماندوو بکەن  وەک دەرفەتێک  هەوڵ بدەن کە کەموکورتیی منداڵەکانیان لە هەر وانەیەک کە لە ماوەی خوێندن لە خوێندنگە هەیبووە قەرەبوو بکەنەوە و منداڵەکەیان ئامادە بکەن کە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن کێشەی نەبێت.

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۲۰ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد