جدیدترین :

ژن؛ چەوساوەیەک بە درێژایی مێژوو

 

ئەمیر دانش

”ژن و ژین”؛ ئەم دوو وشە بۆ ئەوەندە لێک نزیکن؟ بۆچی ژنان دەبنە ئیلاهە؟ هۆکاری پیرۆزی ژنان لە مێژوودا چی بووە؟

ئەمانە هەموو نیشاندەری دەور و کاریگەریی ژنان لە سەرەتای دەسپێکردنی شارستانییەتن لە کۆمەڵگادا. وادەرئەکەوێ ناوی ژن لە ژینەوە گیرابێ و هۆکارەکەیشی دەسپێکردنی شارستانییەت و ڕێکخستنی مرۆڤایەتی بەرەو ژینێکی پێشکەوتوو بەدەستی ژنەوە بێت. ئیلاهەبوون و پیرۆز بوونی ژن، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی بەو هۆکارانەوە هەیە. بۆ شرۆڤەکردنی دەوری ژنان دەبێ بگەڕێینەو بۆ قووڵایی مێژوو، بۆ کۆمەڵگای نوێ­بەردینە، بۆ ئەو کاتە کە یەکەمین شارستانییەت تازە سەرهەڵدێنێ، بۆ سەردەمی ئیلاهەی ژنان، بۆ ئەو کاتە کە مرۆڤ تازە فێری نیشتەجێ بوون دەبێ، بۆ شۆڕشی گوند، بۆ شۆڕشی جووتیاری. ئەمانە هەموو، پەیوەندییەکی بەهێزیان بە دەور و کاریگەریی ژنانەوە هەیە. خولقێنەری هەموو ئەم قۆناغ و سەردەمانە ژنانن.

شارستانییەتی نوێ­بەردینە کە لە ساڵەکانی ۱۱۰۰۰ تا ۴۰۰۰  ساڵ پێش زایین بەردەوامە، لە داوێنی شاخەکانی زاگرۆس ــ تۆرۆسدا پێک دێت. لە کۆمەڵگای نوێ­بەردینە، ژنان بۆ یەکەم جار بە دۆستایەتی لەگەڵ سروشت، کەڵک لە سرۆشت وەردەگرن؛ ناسین و پەروەردەکردنی ڕووەکەکان وەکوو؛ گوڵ، یا گەنم، لەو دەسکەوتانەیە. هەروەها دەستەمۆکردنی ئاژەڵان بەدەستی ژنەوە ئەنجام ئەگرێت؛ ڕسنین و پەیکەرسازیش لەو دەسکەوتانەێە.

ژن بۆ بونیادنانی بنەماڵە و پاراستنی خۆی و منداڵانی لە بەرانبەر مەترسییەکانی سروشت، پیاو دێنێتە ناو ئەڵقەی بنەماڵە، کە ئەرکی پاراستن و نەچیروانی دەکەوێتە سەرشان. جێگای ئاماژەیە لەو سەردەمەدا کە ژن خاوەن بیروبۆچوون بووە و منداڵەکانی پەروەردە ئەکرد و بەرەو ژیانێکی کۆمەڵایەتی و هاوبەش هەنگاوی دەهێنا، پیاو بەشێوەیەکی تاکەکەسی بۆ خۆی دەژیا و هیچ ئەرکێکی لە بەرانبەر ژن و منداڵەوە لە ئەستۆ نەدەگرت.

”ئۆرۆک”، کە بەناوبانگترین دەوڵەت­شاری مێژووییە و شاری ئیلاهەی ئینانایە، لە ساڵەکانی ۳۲۰۰ی پێش زاییندا وەکوو دەوڵەت لە خزمەتی شارنشینیدایە. گوند جێگای خاوێن و پیرۆزی شۆڕشی جووتیارییە. گوند جێگای وەبیرهێنانەوەی شەرەف و سەربەرزیی سیستمی دایک سالارییە.

لەگەڵ دەستەمۆکردنی ئاژەڵان و بارهێنانی ڕووەک، لە لایە ژنەوە، گرووپە پیلانگێڕ و هیرارشیک و ڕژدەکان چاویان بڕیوەتە ئەم دەسکەوتانە و لە بیری داڕژاندنی پیلانگێڕییەکن کە ئەو دەورە لە ژنان بسێننەوە و ژنان لە کۆمەڵگادا پەراوێز بخەن و لە سەرئەنجامدا دەوڵەت دابمەزرێنن.

دەوڵەتی ڕاهیبیی سۆمەر کە یەکەمین دەوڵەتی مێژووییە، لە ڕاستای پیلانگێڕیی سیستمی پیاوسالاریدا بونیاد دەنرێت؛ دەوڵەت کە چەتەی مافەکانە بۆ یەکەم جار، ئیرادە و ورەی مرۆڤ زنجیر دەکات و زیگۆرات بونیاد دەنێت؛ زیگۆرات جێگایەکە کە بە دیگماتیزمەوە بەڕێوەی دەبەن، لەچەند چینێک پێک دێت؛ لە سەرەوەی هەموویان خودا – شاکان دەژین، کە خۆیان بە خودا ناوزەد دەکەن؛ لە ناوەڕاستی زیگۆرات کارمەندانی دەوڵەت دەژین؛ لە خواری هەموویان بەردەکان دەژین. لێرەدا بەشێوەیەکی سیستماتیک مێشکی مرۆڤەکان وەها کۆیلە دەکەن کە هیچ کات نەتوانن زانستیانە بیر بکەنەوە. ئێستا ئەو هۆکارە کە بە درێژایی مێژوو سیستەمەکان و دەوڵەتەکان کەڵکیان لێ وەرگرتووە، لە کەسایەتیی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بەتاێبەت ژناندا دەبینرێ کە هیچ کات توانای بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتنیان نییە.

یەکێکی دیکە لە دەسکەوتەکانی یەکەمین دەوڵەت یان دەوڵەتی کاهێنیی سۆمەر لە ۲۵۰۰ ساڵ پێش زاییندا، بەنا کردنی یەکەمین بنکەکانی لەشفرۆشی بە ناوی مەسقەتەین لە نیپۆڕ پایتەخی سۆمەرییەکان بە دەستی بەرژەوەندخوازانی پیاوە. ئەو بوومەلەرزە لە کەسایەتیی پاکی ژندا، ئەبێت بە تێکچوونی کەسایەتیی ژن لە کۆمەڵگادا. ئەم شکستە گەورە لە کەسایەتیی ژندا، ئەبێتە هۆی درزێکی قووڵ لە فۆرمی کۆمەڵایەتیی ئەو، کە تا دێت ئەو درزە قووڵتر و گەورەتر دەبێ و ژن زۆرتر لە سروشتی خۆی دوور دەخاتەوە و وەکوو مرۆڤێکی کۆیلە و بێ ئیرادە لە گۆشەی ماڵدا زنجیر دەکرێ و بەدرێژایی مێژوو ئەو سیاسەتە لە سەری بەردوام دەبێ.

لە دەسپێکی سەرمایەدارییشەوە، ئەو تواندنەوە بەشێوەیەکی سیستماتیک و زۆر بەهێز پەرەی سەندووە و وەک دەبینین ئێستا ژن وەکوو کەرەستەیەک لە خزمەتی سەرمایەداریدایە؛ بۆ ڕیکلام کردن و ناساندنی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا، تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا کە قوڕگی خۆیان بە ناوی ئازادییەوە دڕیوە، ئازادیی ژنانیان لە جلوبەرگ و دەرخستنی ئەندامەکانیاندا ناساندووە و پێناسەیان کردووە.

لە ڕابردوودا ژن لە جێگایەک بوو کە خۆی هەڵی دەبژارد و پەروەردە و ڕێکخستن و ئافراندنی دەکرد و و خاوەنی ئیرادە و بیروبۆچوون بوو؛ هەروەها دەوری کاریگەری لە ژیان و کۆمەڵگادا هەبوو؛ بەڵام پاش ئەو پرۆسەی تواندنەوە، ژن وەکوو کاڵایەک لە سەری مامڵە دەکرێ.

ئێستا شێوەیەک لە ژن بەجێ ماوە کە ورە و باوەڕی خۆی لەدەست­داوە و لە ئەوپەڕی هەژاریدا بە هەڵبژاردنەکانی پیاو ڕازییە؛ تەنانەت لەم دواییەدا زۆربەی ژنان، ئەم ژیانە وەکوو چارەنووس و مافی خۆیان دەزانن و بەو بیرەی کە گوایە ژن لە پیاو کەمترە و پیاو زاناتر و تواناترە و خاوەنی هۆش و تەدبیر و بیر و ڕامانی باشترە، بە هەموو هێزەوە خزمەت بە سیستمی پیاوسالاری و کاپیتالیزم دەکەن.

خۆبەکەم­زانین و باوەڕ بەخۆ نەبوون، وەک چەکێک لە بەرانبەر ڕۆشنبیری و یەکسانی و دادپەروەرییدایە. ژن تاکوو ئەو کاتەی کە بەو چەمکەوە بەردەوام بێت، ناتوانێت هیچ گۆڕانێک لە ژیانی خۆی و کۆمەڵگادا پێک بهێنێت. ژنان وەکوو نیوە و بەشێکی هەرە گرنگی کۆمەڵگا، لە پێشکەوتن و سەرکەوتن و گەشەدانی ئابووری،  فەرهەنگی، ڕامیاری، هونەری و کۆمەڵایەتیدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە. ژن ئەبێ وەک مرۆڤێک و وەکوو تاکێکی کۆمەڵگا ئەو ئەرکە لەسەرشان بگرێ و بەهێز خۆی دەربخات و خاوەنداریەتی لە سروشت و ڕاستییەکانی خۆی بکات. تا کاتێک کە سروشت و مافەکانی خۆیان بەدەست نەهێنن، هیچ گۆڕانکارییەک بەدی ناکرێت؛ بۆێە ژنان دەبێ ڕزگاری و ئازادی لەو کۆت و بەندانانە کە سیستمی پیاوسالار و سیستمی سەرمایەداری بە سەر ژناندا زاڵیان کردووە، بکەنە بنەما و ئامانجی خۆیان و لە گەڵ ڕەخنەگرتن لە خۆیان و سیستم، هەنگاوێکی پڕمتمانە و پتەو  بۆ بەدەست­هێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان هەڵگرن.

وەکوو مامۆستا هێمن موکریانی دەڵێ “تاکوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەکەی ژین لیخنە”؛ لێرە هێمن ژن وەکوو سەرچاوگەی ژیان دەزانێ. ئەگەر ژن مرۆڤێک بێئیرادە بێت و ورەیەکی ڕووخاوی هەبێت و خاوەنی کەسیەتییەکی نەخۆش بێت، بنەماڵەیەکی نەخۆش پەروەردە دەکات؛ بنەماڵە و کەسایەتییەکی نەخۆش و بێئیرادە، کۆمەڵگایەکی لاواز و هەژار و نەخۆش، بەرهەمەکەیەتی. تاکوو ئێستا هیچ کاتێک مێژووی ژنان نەنووسراوە؛ بەڵکوو نکووڵیشی لێ کراوە و تەنیا مێژووی دەسەڵاتداریی پیاو نووسراوە. دەبێ ژنان هەر لە سەرەتاوە مێژووی خۆیان شرۆڤە بکەن و بەدوایدا بگەڕێن و خۆیان بناسن. دەبێ ئەوەی وا لێیان دزراوە دیسانەوە بەدەستی بهێننەوە. دەبێ ئەو چەمکە کە ژن وەکوو زەعیفە پێناسە دەکات و لە کۆمەڵگادا بە بنەمای دەگرێ، بیسڕنەوە. دەبێ قۆناغەکان پێکەوە هەڵسەنگێنن و شرۆڤەی بکەن. دەبێ ڕۆڵی خۆیان لەبەرچاو بگرن؛ وەکوو مرۆڤێکی تەواو، خوێان ببینن و هێز و تواناکانی خۆیان وەگەڕ بخەن و ئەوەی ئەرکە لەسەرشانی بگرن. دەبێ ژنان بگەڕێنەوە سەر سروشتی خۆیان و بۆ پاراستنی کۆمەڵگای ئۆکۆلۆژیک چالاک بن. یەکسانیی ژن و پیاو، بناغەی گۆمەڵگایەکی ئازاد و پێشکەوتووە.

هەندێ کەس، بەتایبەت ڕۆژئاواییەکان دەڵێن بۆ ئازادی ژنان خەبات دەکەین و چالاکین؛ بەڵام پرۆسەکە بە باشی مایەی تێگەیشتن نییە؛ هەندێ کەس ئازادییان لە چوارچێوەی بچووک و تەسکی جلوبەرگدا شرۆڤە کردووە؛ ئەوە هەڵەیە؛ ئەوە ئازادی نییە؛ ئەوە پیلانگێڕییەکی نوێیە، دەیانەوێ بیر و مژی ژنان لەسەر ڕاستییەکان پەراوێز بخەن؛ ئەوە درێژەی هەر ئەو پیلانەیە کە چەندین هەزار ساڵە لەسەر سروشتی پاکی ژنان داڕێژراوە. ئەم قۆناغە زۆر مەترسیدارترە لە قۆناغەکانی مێژووی ڕابردوو. پێشتر، زۆرتر بە دەرگە داخستن و زۆرەملی و بەشێوەیەکی فیزیکی ژنانیان لە کۆمەڵگادا دوور دەخستەوە و حاشایان لێ دەکرد؛ بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی فریوکارانە و بە شەڕێکی نەرم خەریکی تواندنەوەی هەستی پاکی ژنانن؛ بەشێوەیەک کە خۆیان خەریکن بە ئاشکرا نکۆڵی لە خۆیان و تواناکانیان دەکەن و خۆیان ڕادەست و کۆیلەی پیاو دەکەن.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا ژنان دەورێکی گرنگیان لە کۆمەڵگادا لە سەرشان دەگرت؛ ئەوان لە گونددا کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و پەروەردەی منداڵان و بەخێوکردنیان و ڕسنین و هەروەها لە زەماوند و شایی و مەراسمەکانی دیکەدا دەوریان دەگێڕا؛ لە شارەکانیش هەروا بوون؛ هەرچەند زۆرێک لە ئازادییەکانیان لێ گیرابوو، بەڵام  هەر لە بەرخۆدان بوون و لەدەستنەدانی ئۆتۆریتەی خۆیان و کەسایەتیی دەورانی نوێ­بەردی هەر لە ناخیاندا زیندوو مابوو؛ بەڵام لەم دواییانەدا، بەسەرکەوتنی سیستمی کاپیتالیزم و پیاوسالار، ژنان لە سروشتی خۆیان دوور کەوتنەوە و وکوو مرۆڤێکی بێئیرادە، کە گوایە توانای هیچ کارێکیان نییە، متمانەیان بە خۆیان نەما و لاواز و نەخۆش، خۆیان ڕادەستی سیستمی پیاوسالار کردەوە. ژنان بۆ ڕزگار بوون لەم دۆخە دەبێ خۆیان ڕێک بخەن؛ دەبێ بەرانبەر هێرشە ئایدئۆلۆژیکەکانی پیاوان، بەشێوەیەکی بەهێز و زانستی ڕاوەستن؛ دەبێ پێناسەیەکی نوێ بۆ ژیان و ئازادیی ڕاستەقینە و ماف و ژیانی هاوبەش بکرێت؛ تا کاتێک کە پەیوەندییەکانی خاوەنداریەتی و بەرژەوەندیی پیاو بەرانبەر بە ژن لێک نەپچڕێت، پەیوەندیی ئازادی و یەکسانیی ژن و پیاو دروست نابێ؛ دەبێ ئەو چەمکەی کە پیاو خاوەنداری ژنە بەتەواوەتی لەناوبچێت.

دەبێ ژنان کۆبوونەوەکانیان پێک بهێنن و لە دەوری یەک کۆببنەوە؛ لە بواری مافناسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە پێکەوە کار بکەن و دانووستاندن بکەن.

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۹ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

۲ دیدگاه

  1. بژی... زندە باد بر راستگویان کە بدون سانسور تاریخ را بازگو مینمایند

    زۆر بە کەلک بوو سپاس دەس خۆش

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد