جدیدترین :

کۆڵبەرنامە…

 

کۆڵبەری یانێ؛ بیرەوەری تاڵ، سووکایەتی، بێ­ڕێزی، ناچاری و …

ئارام فەتحی

لە چیای ژمارە ١۶دا یەکەم وتووێژمان لەگەڵ ژنە کۆڵبەرێک دەست پێ کرد. بۆ کۆڵبەرنامەی ئەمجارە، لەگەڵ یەکێک لە گەنجەکانی ئەم وڵاتە کە هاوکات لەگەڵ خوێندن لە قوتابخانە و دواتر زانکۆش، خەریکی ئیشی کۆڵبەرییە، وتووێژ دەکەین.

“دانا” یەک لەو سەدان لاوەی کوردستانە کە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە گەرچی ئەستەم و دژوار، بەڵام شەرافەتمەندانە و سەربەرزانە بژێوی ژیانی دەربهێنێت. دانا دانیشتووی یەکێک لە ئاواییەکانی دەوروبەری مەریوانە، خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە و ژیانی هاوبەشیی پێک هێناوە؛ بەڵام بە هۆی نەبوونی کارێکی شیاو و ڕێکوپێک، هێشتا خەریکی ئیشی کۆڵبەرییە.

_ چ شتێک بووە هۆی ئەوەی کە ڕوو لە کۆڵبەری بکەیت؟

ساڵی دووەمی مامناوەندی بووم، لەو ڕۆژانەی کە پشوو بوو، هاوین یا سیانزەبەدەر و لەو ڕۆژانە کە لە حەوانگە نەبووم و ئەهاتمەوە بۆ ئاوایی، خەڵکی ئاوایی بە زۆری ئەڕۆشتن بۆ کۆڵبەری و بەو شێوەیە بژێوی ژیانیان پەیدا ئەکرد. لەوێوە ئیتر منیش بۆ ئەوەی کە پووڵێکم بەدەستەوە بێت بۆ خەرجی دەرس خوێندنەکەم، لەگەڵ ئەو خەڵکەدا ڕووم هێنایە کۆڵبەری.

_ لەبەر چی کاری ترت هەڵنەبژراد؟ کاری دیکە نەبوو کە بە پێی تەمەن بیکەی؟

دوو هۆکاری بوو؛ یەک ئەوەی کە بە پێچەوانە کارەکانی تر هەمیشەیی نەبوو و هەموو وەختەکەتی نەدەگرت، کە ئەوە بۆ منی خوێندکار زۆر گرینگ بوو، دوو، ئەوەی کە نەخت پووڵەکەیان ئەدایتێ و نەیانەخستە دواوە.

_ چەند ساڵە خەریکی کۆڵبەریت؟

ئێستا تەمەنم بیست و حەوت ساڵە؛ لە شانزە ساڵەییەوە خەریکی کۆڵبەریم و ئەوە چوار پێنج مانگێکیشە کارتی کۆڵبەرییان پێ داوم.

_ئێوە لەو کاتانەی کە ئەچوون بۆ کۆڵبەری زۆرتر لە کام ناوچەوە ئەچوون و چ وەختێک بوو؟ ڕۆشتن و هاتنەوەتان چەنێکی دەخایانت؟

زۆربەری کۆڵبەرییەکان لە سنوورەکانی مێرگەدرێژ، کارێز و جەژنیئاوا  (گوندەکانی سەر سنووری مەریوان) بوو. من لەو ڕێگانەوە زۆرتر هاتوچووم ئەکرد؛ کارەکە وا بوو کە تۆ نەتدەتوانی بە ڕۆژا بڕۆی؛ ئەبوا ئێوارەکەی بەر لە تاریک بوون بگەشتاییتە ئاوایی کارێز، لەوێ کۆڵ و بارەکەت خاس ئەکرد تا تاریکی ئەکرد. لەو کاتا ئیتر کۆڵت ئەنا لە کۆڵ و لە تاریکییا کە شوێنەکان کەمێ چۆڵتر بوو و ئاسایشی باشتر بوو بۆ پەڕینەوە لە سنوور.

بە پێی جۆری بارەکە و ڕێگاکانی ڕۆیشتن فەرقی ئەکرد، بڕێ وەخت دوو سەعاتی ئەبرد، بڕێ جار لە بەر ئەوەی کرێی بارەکان کەم بوو مەجبوور بوویت چەن جار بڕۆی، بۆیە شەو هەتا بەیانی بەڕێوە ئەبوویت.

_بۆچی شەوتان هەڵئەبژارد بۆ ڕۆیشتن؟

بە ڕۆژدا ئەسڵەن ڕێگەیان نەئەدا، بە شەویشدا  ئەبوا کەسێک لە پێشەوە بڕۆشتایە، پاسەوانیی بدایە بۆ ئەوەی بتوانین بپەڕینەوە لەسەر سنوورەکە و مەجبوور بووین لەو کاتانا بڕۆین، چون کارەکەی ئێمە وەک کارێکی نایاسایی چاویان لێ ئەکرد.

_ لە ڕێگەی هاتوچووتاندا چ مەترسیگەلێک ئەگەری بوو بەرەوڕووتان بێتەوە؟

یەکێکی ئەوە بوو کە شوێنەکە بەرز و لێژ بوو، مەترسیی کەوتنەخوارەوە بوو، مەترسی کەوتن بە عەرزا و قاچ و دەست شکاندن بوو. لەولاوە لەسەر سنوورەکەدا مەترسیی مین بوو، کە لە ڕێگە لانەدەی بچیتە ناو مینەکان و بتەقێتەوە پیاتا. هەروەها مەترسیی هێزی ئینتزامی بوو کە لەویا لەسەر سنوورەکان بوون، کە پێت نەزانن و بە بێدەنگی بپەڕیتەوە. چون ئەگەر بیانگرتایی،  کەل و پەلەکەیان ئەشکاند یا ئەگەر سووتەمەنی بوایە ئەیانسووتاند و ئەبوو بە زەرەر بەسەرتەوە یان تەقەیان لێ ئەکردی.

_ئایا هاوتەمەنی تری وەک خۆتی تیابوو؟ زۆربەی ئەوانەی کە لەویا بوون لە چ تەمەنێکدا بوون؟

لە مێرمنداڵەوە یانی لە دوانزەساڵ، چواردەساڵ تا پیاوێکی شەست ساڵە لەو سنوورانە خەریکی کۆڵبەری بوو. تەمەنێکی تایبەت نەبوو کە تۆ بڵێی هەموو ئەبێ بگاتە ئەو تەمەنە یا لەو تەمەنەدا بڕوات؛ مناڵ بوو کە هەر لە پۆلی سەرەتاییەوە دەستی لە خوێندن هەڵگرتبوو و ڕووی لە کۆڵبەری کردبوو.

_هیچ پێش دەهات کە گیرتان پێ بدەن یان بارەکەتان بفەوتێت؟

بەدڵنیاییەوە، شەوی وا بوو ئەڕۆیشتی، ئەم هەموو سەختی و دژواریەت ئەکێشا، کە ئەگەیشتیتە سەر سنوور، لەویا هێزی ئینتزامی بەری پێ ئەگرتیت و ئەگیرایت؛ کۆڵەکەت ئەسووتێنرا و زۆربەی جاریش کەسەکان کە ئەگیران، ئەدران بە دادگا و جەریمەی قورسیان بۆ ئەبڕایەوە و ئەتوانم بڵێم پووڵی مانگێکی کۆڵبەرییەکەت بە یەک شەو بەزایە ئەچوو.

_هەڵسوکەوتی خاوەنبارەکان چۆن بوو لەگەڵتان؟ چ ئەوانەی ئێرە و چ ئەوانەی ئەوبەریش؟

خاوەنبارەکان زیاتر ئەوەیان بۆ گرنگ بوو کە بارەکە بە بێوەی بگاتە بەرۆ، ئەگەر کەسێک بکەوتایە بە عەرزا و شتێک لە بارەکە بشکایە یا خەساری بدیایە، ئەبێ خەسارەکە ببژێری.

_زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی کە ئەتانبرد چی بوون؟

ئەو شتانەی کە لەێرەوە ئەچوون زیاتر سووتەمنی بوو، لەوسەرۆیش شتەکان کە ئەهاتنەوە جگەرە و پارچە و عەتر و ئەم جۆرە شتانە بوو.

_لەو چەن ساڵەی کە خوێندکاری زانکۆ بووی، لەو کاتانەش هەر خەریکی کۆڵبەری بوویت؟

لەو کاتا ئیتر من بە بۆنەی خەرجی زانکۆوە زیاتر پارەم پێویست بوو. لەبەر ئەوەی کە گەورە ببووم و بەرپرسیاریەتییەکان ئەمجار ئیتر تەنها بۆ خۆم نەبوو، ئەبوا بەشێکیم تەرخان کردایە بۆ بنەماڵەم کە باوکم تەمەنێکی تێپەڕاندبوو و نەیەتوانی کار بکات. مەجبوور بووم بەشێک لە پارەکە تەرخان بکەم بۆ بنەماڵە؛ ئەمە بوو بە هۆکاری ئەوەی کە زیاتر ڕوو بکەمە کۆڵبەری.

_بە پێی ئەوەی کە ئێستا ژیانی هاوبەشیتان پێک هێناوە و هەروەها ئەم کارتەش کە پێتان دراوە بۆ کۆڵبەری(کە تەنها بە دانیشتوانی گوندەکانی سەرسنووری دەدەن؛ ئەویش بە چەندین شەرت و مەرجەوە) وڵامدەرەوەی بژێویی ژیانتانە؟

لە ڕاستیدا ئەو کارتە ئەتوانێ بەشێکی بچووکی بژێوی ژیانت هەڵپەڕێنێ، بەڵام ئەوەی کە مەرجدار کراوەتەوە بەشێکی بەرچاوی لە کۆڵبەرانی لێ بێ بەش بوون. چونکە تەنیا بەو کەسانەی ئەدەن کە ژنیان هانیبێت و هەروەها کارتی سەربازییان ببێت.

_ ئەم کارتە لە لایەن کام ناوەندەوە ئەدرێت بە خەڵک و بۆ بەردەوام بوونی ئەو ئیشە لە ڕێگەی ئەو کارتەوە کێ دەستەبەری ئەکات؟

هەنگی مەرزی، بەرپرسی پێدانی ئەو کارتانەیە و تایبەت بە خەڵکی ئەو ئاواییانەی لە ۳۰ کیلۆمەتری سنووردان. کاتێ دێنە ناو سنوور و ئەو ڕێگەیە، ئەبینن کە بەسەر درگای ئەوێوە نووسراوە ”بازاڕچەی کاتیی سنووری”، یانی هیچ دەستەبەر ناکرێت کە من سبەی ئەو کارتەم لێ نەسندرێتەوە وە یا ئەو دەروازەیە دانەخرێت و تەواو نەبێت.

_پرسیارێک کە ڕەنگە زۆر گەمژانەش بێتە بەرچاو: پێت خۆشە پیشەی کۆڵبەریت هەیە؟

بۆ هەر مرۆڤێک، تۆ تەنیا من لە بەرچاو مەگرە، لە تەواوی ئەو کەسانەی کە کۆڵبەرییان کردووە بڕۆ تاک تاک بپرسە، هیچ کەس ڕازی نییە، هیچ کەس دڵخۆش نییە کە کۆڵبەری بکات. کۆڵبەری جیا لە دژواری و مەترسیداربوونەکەی، هیچوەخت نەبووە بە کارێک کە تۆ بتوانی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەتی بە شێوەیەکی دروست پێ دابین بکەی. بۆیە هیچ کەس ئامادە نییە بێژێت من ڕازیم لەوەی کە کۆڵبەرم.

_هیچ بەسەرهاتێکی ناخۆش هەیە لەو ڕێگایە، کە پێت خۆش بێ باسی بکەیت؟

کۆڵبەری خۆی تەواوی ڕێگەکانی بیرەوەی تاڵە. یانێ تۆ ئەو ڕۆژەی دەستت دا کۆڵبەری، تا دوایین ڕۆژ، هەمووی ئەبێ بە بیرەوەریی تاڵ. چون رێگەیەکی سەختە، ئاسایشی تیا نییە؛ لەم ڕێگەیەدا من دوو بەسەرهات هەیە کە زۆرتر لە هەموو شتەکانی تر ناخۆش بووە بەلامەوە، یەکێکیان هی کۆڵبەرەکان خۆیان بوو لە ناو یەکا؛ ئێمە پیاومان بوو تەمەنی پەنجا، شەست ساڵ بوو کە لە ناچاری ڕووی کردبووە کۆڵبەری، ئەو وەکوو گەنجێک نەیدەتوانی بە رێگادا بڕوات، ڕێگەکەیش بە بۆنەی تەسکی و لێژییەوە هەر یەک کۆڵبەری ئەکێشا بۆ پەڕینەوە؛ ئەو کۆڵبەرانەی کە بەتەمەن بوون و هێزی لەشیان کەمتر بوو، زۆرجار ئەکەوتن بە عەرزدا و کۆڵەکە ئەکەوت بەسەریاندا. کۆڵبەرەکان بێ ئەوەی کە بە چاوێکی مرۆییانە لێی بڕوانن و یارمەتییەکی بدەن، هەروا لە پاڵیەوە ئەڕۆیشتن و بۆیان گرنگ نەبوو. زیاتر بۆیان گرنگ بوو کە زوو خۆیان بڕۆن و دەرباز بن. کۆڵبەرمان بوو کە قاچی شکاوە بە دەسکوتین هاتووەتە خوارەوە و خۆی رزگار کردووە، کۆڵبەر پێی پیا ناوە و ڕۆییوە؛ ئەمە بەشێکی؛ بەشێکی تریشی کە زۆر ناخۆش بوو ئەو ساڵانە کە هێزە ئینتزامییەکان ئەهاتنە سەر ڕێمان و ئەیانگرتین، زۆربەی کەسەکان کە ئەگیران جیا لە بەشی مادییەکەی کە زەرەرێکیان ئەکرد، بێڕێزیگەلێکیان پێ ئەکرا وەک ئەوەی کە مەسەلەن کۆڵبەر بوو بارە گازائیلەکەی ئەگیرا، کاریان پێ ئەکرد؛ تەواو گازائیلەکان تریشیان پێ ئەگوێزاوە. یا لە هەوایەکی زۆر زۆر سارددا پاڵتاو و کەوش و جل و بەرگەکەیان دائەکەند. زۆرجاری تر بووە کە بینیومانە خۆمان، ئەوە کۆڵبەرەکان تریش ئەزانن: گازائیلیان کردووە بەسەر کۆڵبەرەکەدا، ڕشتوویانە بەسەریا بۆ بێ­ڕێزی پێکردن و سووکایەتی پێکردنی ئەو کۆڵبەرەی کە مەجبوور بووە بێ ئەوەی کە هیچ حەزێکی خۆی بووبێ ڕووی ناوە لە کۆڵبەری.

ڕووداو و شتی ناخۆشی زۆر زۆرە. هەر ڕۆژێک کە ئەچی بۆ کۆڵبەری، لەو سەرەوە کە دێیتەوە ئەڵێی ئاخ، ئاواتێکم  ئەوەتە کە جارێ تر نەڕۆمەوە؛ بەڵام کاتێ بەیانییەکەی  بێکاریت و دیسان هەر ئەم دۆخەیە، دیسان بە ناچاری ڕێ ئەکەویتەوە بەرەو سنوور…

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۹ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

یک دیدگاه

  1. بەڕاسی دەستان خۆش
    ئێوه فرە زەحمەت ئەکێشن
    یاخوا بەردەوام بن

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد