جدیدترین :

زمانی کوردی بکەینە دوو ڕەگەزە (بەشی یەکەم)

 

 

فەرەیدوون پەروازە

 

بیر و زمان دوو هاوڕێ و هاودەمی یەکترن. بیر و هۆش هەتا هەر شوێنێک بڕ بکات  زمانیش ئەوەندە قسەی بۆ دەربڕین هەیە. زمان هۆکارێکە بۆ دەربڕین و گوازتنەوەی هزر و ویستەکان لە نێوان مرۆڤەکاندا. له‌ سه‌ره‌تادا بیر و ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤه‌کان به‌ شێوه‌ی زاره‌کی ده‌رئه‌بڕان؛ به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی خه‌ت و نووسین بوو بە هۆکارێک بۆ نەقش بەستنی هزرەکان لە سەر پەڕاوەکاندا. گەشە کردنی پێکهاتە و قەوارەی زمان زۆر درێژخایەن بووە و تەنانەت ئێستاش هەر وا بەردەوامە. وا دیارە لە سەرەتادا زمانەکان زۆر ساکار بوون. ڕێژەی وشەکان و ئاستی دەربڕینیان زۆر کەم و بەرتەسک بووە. پێشکەوتنی مرۆڤ و تێپەڕاندنی قۆناغەکانی بەڕبەڕییەت، وەحشیگەری و بەتایبەت شارستانییەت شوێنەواری لە سەر زمان و قەوارەکەیدا پێک هێنا. بە دەیان زمان و زاراوە لە دایک بوون و بە دەیان ئیمپراتۆری زمان بە جۆرێک لە نێو چوون کە ئێستاش تەنیا چەن وشەیەکیان لە بەردەستدا ماوه‌. زۆرێک لە زمانەکان کە دەستیان گەیی بە خت و نووسین و دەسەڵاتی سیاسی, توانییان هەم بوونایەتیی خۆیان بپارێزن و هەم دەیان زاراوه له بنباڵ و سێبەری خۆیاندا پەروەردە بکەن.

زۆر جار زاراوەی نێو زمانێک بە هۆی هەندێک هۆکارەوە خۆی پێگه‌یاندووە و بووە بە دەمڕاس و نوێنەری گشت زاراوەکان. خزمایەتی و هاوخوێنی لە ناو زۆربەی زمانەکاندا بەدی ئەکرێ. هەلومەرجی کەشوهەوایی و ناوچەیی ڕۆڵی زۆری  لە خزمایەتی و لێکچوونی زمانە جیاوازەکاندا هه‌بووه‌. نموونەی ئەو زمانگەلە، زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان، هێند و ئورووپاییەکان و … هتدە. بێجگە لە چەن زمانێک وەک: باسک، فینلاندی، مەجاری و تورکی، زۆرێک لە زمانەکانی ئورووپا و زمانەکانی ئێستا و ڕابردووی هێندوستان و دەورووبەری دەتوانین بە شاخەیەک لە زمانی دێرینی ناسراو بە هیندۆـــ ئورووپایی بزانین. ڕیزبەندیی زمانەکانی دیکەی جیهان دەکرێ بەم شێوەیه‌ بێت: چینی-ته‌بتی(زمانی چینی و تایلەندی)، سامی، عیبری، عەرەبی، ئاکەدی، فینەقی و کارتاژی؛ چادی (زۆرترین زمانەکانی ئەفریقا و نیجریە و هائووسا). بانتۆ(ڕۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا). مالایایی-پۆلینزی(ئیندونوزی، جاوەیی، فیجی، هاوایی و تاهیتی). بە پێی سەرچاوەکان زمانی کوردی لە بنەماڵەی زمانی هیندۆــ ئورووپییەکانە. کاتێ ڕێژەی ئاخێوەرانی زمانێک زیادی کرد و باری شارستانیی ئەو جوغرافیا و دیالیکتە گەشەی بەرچاوی کرد ئیتر بەرەبەرە زمانەکەش گەشەی بەرچاو دەکات و ڕۆژ بە ڕۆژ لە بنەماڵەی سەرەکیی دوور ئەکەوێتەوە؛ ئەو دیاردەیەش سەبارەت بە زاراوەکانی ناو جوغرافیای زمانێک ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە. بۆ نموونە زاراوەکانی ناو زمانێک بە پێی زەمان و هەروەها هۆکارگەلێک وەک باری ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و مەزهەبی بەرزونزمی بە خۆیه‌وە دەبینێت. زۆر جار زاراوەکان یەکتریان لە نێو خۆیاندا تواندووەتەوە. مژاری بەڕەگەزایەتی­کردنی زمان و تاوتوێ­کردنی لە لایەن نووسەرانی کوردەوە ئاڵوگۆرێکی بەر فراوان لە زمان و فەرهەنگی کوردیدا پێک دێنێت. ڕەگەزایەتی و نێرینەبوونی زمان ڕەوت و دیاردەیەکە کە بە ڕوخساری هەموو زمان و زاراوەکانی سەر زەوینەوە دیارە.

ژیانی یه‌کجارنشینی و دابڕانی دوو ڕه‌گه‌زی نێر و مێ له‌ یه‌کتر و زۆربوونی به‌رپرسایه‌تییه‌کانی پیاوان و به‌رته‌سک­بوونه‌وه‌ی ژیانی ژنان، ڕێگای بۆ دوو زمانی جیاواز به‌ دوو ڕوانگه‌ و ئه‌ندێشه‌ی جیاوازه‌وه‌ له‌ ناو مرۆڤه‌کاندا هه‌موار کرد. هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ و ده‌سکه‌وته‌ زانستییه‌کان، پیاوان به‌دیهێنه‌ر و داڕێژه‌ری بوون و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ژنانیش له‌و بوارگه‌له‌دا چالاکی و تێکۆشانیان هه‌بووبێ دیسان له‌ خزمه‌تی ڕه‌وتی پیاوڕه‌هه‌نددا بووه‌. له‌ سه‌ره‌تای ژیانی شارستانیدا به‌ هۆی ئاسایی­بوونی باری ژیان، ژیان و گوزه‌رانی ژنان و پیاوان وه‌کوو یه‌ک وا بووه‌ و زما‌‌‌ن و ڕوانگه‌کانیشیان له‌ یه‌کتر نزیک بووه‌. کاتێک ژن له‌ کاروباری وه‌رزێڕی، ئاژه‌ڵداری، کۆچ و کۆچبه‌ریدا هاوشانی پیاوان هه‌ڵسوکه‌وتی کردبێت ئیتر جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له‌ نێوان هزر و ئاوەزی ژن و پیاودا نه‌بووه‌؛ ته‌نانه‌ت مێژووناس و زمانناسه‌کان پێیان وایه‌ که‌ زمانی ژنان له‌ چاخه‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا له‌ زمانی پیاوان پێشکه‌وتوو تر بووه‌. بۆ نموونه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن (که‌ ژنان ڕۆژانه‌ و به‌رده‌وام له‌ بیری هونه‌ری پیشه‌ و ده‌ستکرده‌کاندا بوون و تێئه‌فکران، ده‌بوا زمانی ئه‌و هونه‌رگه‌له‌شیان دروست کردبا و ڕێکیان خستبا…) هه‌ر وه‌ک مکزیکییه‌کان ده‌ڵێن(هه‌ر ژنێک بۆ خۆی باشترین فه‌رهه‌نگی وشه‌یه‌) ئه‌و وته‌یه‌ نه‌تاشراوه‌، له‌ هزری خه‌ڵکانی خۆڕسکی ئه‌و وڵاته‌ له‌ سه‌ده‌کانی پێشوودا سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. (پیاوانی وه‌حشی­ئاسا له‌ کاتی ڕاوکردن و ماسی‌گیریدا تاک و ته‌نیا بوون و ده‌بوا ئارام و خامۆش بوایه‌ن؛ جا که‌ وایه‌ ئیتر که‌متر ئه‌ڵێن: به‌ڵام ژنان پێکه‌وه‌ن و له‌ ته‌واوی ڕۆژدا پێکه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ن. ژنان به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌نده فه‌رهه‌نگییەکاندا ببن، ئێستاشی لەگەڵ بێ باشترین وشه‌دان، وتاربێژ و نامه‌نووسن.) لێره‌دا قسه‌یه‌ک که‌ دێته‌ به‌ر باس ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و هه‌موو وزه‌ و توانسته‌ی ژنان له‌ ڕابردوودا چلۆن که‌وته‌ ژێر چنگی پیاوان و کۆنترۆڵ کرا؟ بۆ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌توانین چه‌ندین هۆکاری وه‌ک باری فیزیۆلۆژی، ژینگه‌ناسیی ژن و دواهاته‌کانی وه‌ک(سکوزا، سووریی مانگانه‌، شیردان)، سه‌رهه‌ڵدانی مه‌حاریم و ئیخلاقی بوونی مرۆڤ، سه‌رهه‌ڵدانی دینه‌کان و… ده‌ستنیشان بکه‌ین.

ژن له‌ پێگه‌یاندنی زماندا ڕۆڵی سه‌ره‌کیی بووه‌؛ پیاوان که‌متر. سیمۆن بارۆن کۆهه‌ن له‌ کتێبی(ژن چییه‌؟ پیاو کێیه‌؟)دا له‌ ڕێگه‌ی تاقیکارییه‌کانه‌وه‌ ڕاستییه‌کی ده‌رخستووه‌ که‌ ئه‌توانین وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ سه‌لماندنی ئه‌و وتاره‌ که‌ڵکی لێ وه‌ر بگرین. ناوبراو پاش لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌ بواره‌کانی ڕه‌فتارناسیدا ڕێی به‌وه‌ بردووه‌ که‌ مێشکی دوو ڕه‌گه‌زی نێر و مێ پێکه‌وه‌ جیاوازییان هه‌یه‌. ئه‌و جیاوازییه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک شوێن له‌ سه‌ر باری که‌سێتی و ده‌روونی و ڕه‌فتاریی ئه‌وان داناوه‌. ئاکام و کۆبه‌ندی ئه‌و کتێبه‌ له‌ سه‌ر ڕوبه‌رگی کتێبه‌که‌دا نووسراوه‌ که‌ ده‌ڵێ: (ژنان حه‌ز ئه‌که‌ن سه‌باره‌ت به‌ باس و بابه‌ته‌کان  قسه‌ بکه‌ن هه‌روه‌ها پیاوانیش بێده‌نگ دائه‌نیشن و سه‌باره‌ت به‌ ورده‌کاریی باس و بابه‌ته‌کان تێئه‌فکرن). جا که‌ وایه‌ ژنان گه‌شه‌ پێده‌ری زمان بوون؛ ئیدی چلۆن هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان به‌ لای ڕه‌گه‌زی نێرینه‌دا شکاوه‌ته‌وه‌؟ وا ده‌ر ئه‌که‌وێت که‌ ژنان بڵندگۆی حه‌ز و ویست و داهێنانه‌کانی پیاوان بوون. به‌و پێیه‌ ده‌ر ئه‌که‌وێت ڕازێنه‌ر و گه‌شه‌پێده‌ری قه‌واره‌ی زمان ژنان بووبن. به‌ڵام هه‌موو چه‌مک و ده‌ق و ناوه‌ڕۆکی زمان به‌گشتی، پیاو ته‌وه‌رانه‌یه‌. له‌م سه‌رده‌مه‌دا بێبه‌ش­بوونی ژنان له‌ پێکهاته‌ و قه‌واره‌ی زماندا له‌ ئاستێکدایه‌ که‌ ده‌کرێت بڵێین زمانی پیاوانه‌.

سه‌رده‌مانی زێڕینی ژن و په‌راوێزکه‌وتنیان، دوو جه‌مسه‌ری دژبه‌یه‌کن که‌ به‌ جۆرێک جێگای توێژینه‌وه‌ و شرۆڤه‌ کردنن. بڕێک له‌ فمنیسته‌کان پێیان وایه‌ که‌ مادام ژن سکوزای کردووه‌، ئیتر سالاری و گه‌وره‌یی به‌ خۆوه‌ نه‌دیوه‌. قه‌تیس­بوونی ژن له‌ چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌دا بۆ ماوه‌ی ده‌یان سه‌ده‌ ئه‌وانی له‌ کاروانی پێشکه‌وتن دواخست. زاراوه‌ی زمانی دایکی به‌رهه‌می پێوه‌ندیی چڕوپڕی نێوان دایک و منداڵه‌ هه‌تا ته‌مه‌نی لاوەتی. بێجگه‌ له‌ باری ژنتیکی، زۆربه‌ی زۆری ڕاهێنانه‌کان له‌ لایه‌ن دایکه‌وه‌ بۆ منداڵ ده‌گوێزرێته‌وه‌.

بڕێک له‌ فمنیسته‌کان وه‌ک شانازی، چه‌مکی “زمانی دایکی” هه‌ڵئه‌سه‌نگێنن و پێیان وایه‌ که‌ ئه‌وه‌ نیشانه‌ی توانست و زیره‌کیی ژنه‌ که‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگا به‌ نێر و مێوه‌ له‌ داوێنی خۆی و به‌ زمانی خۆی په‌روه‌رده‌ ئه‌کات. ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌ پێیان وایه‌ که‌ مه‌سه‌له‌ی زمانی دایکی سه‌باره‌ت به‌ ژنان خاڵی نه‌رێنی و لاوازه‌، چونکا به‌رپرسایه‌تی و دایکێتی­کردن بۆ ژنان وه‌ک ئه‌رکێکی بڕاوه‌ وایه‌ و به‌رده‌وام له‌ ژیانیاندا نۆژه‌ن ده‌بێته‌وه‌. ژن بە مانه‌وه له چوارچێوه‌ی ماڵدا به‌رپرسایه‌تییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وه‌ک: کاری ئابووری، سیاسی، فه‌رهه‌نگی، زانستی و هتد… له ئه‌ستۆ نابێت. به دابڕانی ژن له‌و کار و به‌رپرسایه‌تیانه ئیتر پێویست ناکات به زمانی ئه‌و بوارگه‌له قسه بکات. به‌رته‌سک بوونه‌وه‌ی پیشه‌ی ژن بۆ کاری ناوماڵ، زمانه‌که‌شیانی به‌رته‌سک کردۆته‌وه بۆ هه‌ندێک کاروباری دیاری سووکه‌ڵه که پیاوان نه‌ خۆشیان له‌و بواره دێت و نه ‌خۆیانی لێ ئه‌ده‌ن. زمانی ساکاری ژنان هه‌لومه‌رجێکی پێک هێناوه که ئه‌وان هه‌میشه به‌ستراوه به پیاوان بن و ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیاریه‌تیی پیاوان، به لایانه‌وه قورس و گران ته‌واو بێت. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و وتانه به‌و مانایە نییه‌ که ژنان توانستی هه‌ڵپه‌ڕاندنی کاری پیاوانیان نه‌بێت؛ زۆرێک له ژنان که هه‌لومه‌رجیان بۆ ڕه‌خساوه چه‌شنی پیاوان، بگره زیاتریش خۆیان له گۆڕه‌پاندا ده‌رخستووه. “شاو” پێی وایه که لێکدانه‌وه‌ و شاهێدیی که‌سێکی پسپۆڕ، له کۆمه‌ڵێکی ناشاره‌زا باوەڕپێکراوتره. ئه‌وه‌ی تا ئێستا باس کراوه باسێکی گشتییه و سه‌باره‌ت به زمان و جیهانبینیی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان ڕاستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره. زمانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان زمانی پیاوانه‌یه. بێبه‌شیی نیوه‌ی کۆمه‌ڵگا له زمان و زانست، له ڕاستیدا بێڕێزییه به‌رامبه‌ر به ژن؛ فێمێنیسته‌کان ته‌نانه‌ت به زانست و تەکنۆلۆژیی ئەمڕۆ، دڵخۆش نین و پێیان وایه که بنه‌ما‌ی ئه‌و ده‌سکه‌وتانه پیاوڕه‌هه‌نده و هه‌روه‌ها له خزمه‌ت پیاوسالاریدایه. بۆ نموونه فێمێنیسته‌کان له بواری پزشکیدا ئه‌و ڕه‌خنه‌یه ئاراسته‌ی چالاکانی بواری زانستی پزشکی ده‌که‌نه‌وه کە لە زانستی کۆن و زانستی نوێ بۆ به‌رگری له سکوزای ژنان، به ده‌یان ڕێگای به‌رگری­کردنیان به سه‌ر ژناندا  سه‌پاندووه یا تاقی کردۆته‌وه‌؛ له حاڵێکدا سه‌باره‌ت به خۆیان(پیاو) ته‌نیا یه‌ک دوو ڕێگای به‌رگری هه‌یه؛ ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه زانستی پزیشکی پیاوته‌وه‌ره. بۆ ئاشت­بوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه پێویسته ڕێگایەکی دروست و بنه‌ڕه‌تی بگیرێته‌ به‌ر، که مافی هه‌ردوو لای(نێر و مێی) تێدا ڕەچاو کرابێت. فێمێنیسته‌کان پێیان وایه که بۆ چاره‌سه‌ریی هه‌موو کێشه‌کان، پێویسته زمانێکی نوێ بخولقێ که حیکایه‌ت له ژنانیش بکات؛ ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و وته‌یه ته‌نیا سه‌رده‌مێک دێته دی که ژنان شان‌به‌شانی پیاوان به‌شداری هه‌موو ڕه‌وته‌کان بن؛ نه‌ک ئه‌وه‌ی که سه‌ری هه‌موو گوریسێک به ده‌ستی پیاوانه‌وه بێت و ژنان ته‌نیا له قسەدا له مه‌یداندا بن.

زمانی کوردی یه‌ک له‌و زمانه دێرین و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه که پێویسته بۆ ڕزگار کردنی له فه‌وتان و پۆشتەکردنی بۆ ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ دنیای نوێدا، ئاوڕێکی فره ڕه‌هه‌ندی لێ بدرێته‌وه‌. یه‌کێک له‌و لایه‌نانه باسی ڕه‌گه‌‌کانی پیاوسالارییه، که به ڕوخساری ئه‌و زمانه‌وه ده‌بینرێت. زمانی کوردی له بنه‌ڕه‌تدا زمانێکی نه‌رم­ونیان، دووڕه‌گه‌زه، زمانی سروشت و ئاشتی بووه؛ به‌ڵام ئێستا بۆچی زۆربه‌ی ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه ئاشبه‌تاڵی پێکراوه و زمانی کوردی بووه به زمانێکی توندئاژۆ و پیاوانه، باسێکه که مه‌به‌ستی سه‌‌ره‌کی ئه‌م دەقەیە.

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۹ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد