جدیدترین :

تاران، تاران…

 

ئارام فەتحی

لە ئوتووبووسام. کۆمەڵێک مرۆڤین ڕەنج کۆی کردووینەتەوە؛ کۆمەڵێک ئازارین. سەندەڵییەکانمان چ جیاوازییەکی نییە. هەموومان شێوەی نیشتمانێک ئەدەین بێبەش لە یاسایەکی دادپەروەرانە و ژیانێکی کۆمەڵایەتیی عادڵانە. کۆمەڵێک ئازار بەڕوومەتی هەرکامەمانەوە. ماشینەکە پڕ نییە. هەمووی ناگەینە بیست کەس. منێک بە تاوانی شکاندنی سنوور ئەبێ خۆم بگەیەنمە دادگای شارێکی مەرکەز بە ناوی تاران. تاران…تاران…تاران. منێکی تر بۆ پێداویستیی پزشکی، ئەوی دیکەم بۆ برینی چاوەکوێربووەکانی و منێکی دیکەم بۆ ڕۆیشتنە سەر پۆستی سەربازیی تاران… . تاران و ئەم منانەی ئێرە کۆتاییان نایەت. مێژووم بەردەوام بە دەوری تاراندا خول دەخواتەوە. برینەکانم خۆیان لەم مەرکەزە چ شیرین دیارن! چ شیرین بە زمانی کوردی و فارسی قسە دەکەن. برینەکانم بە زمانەکەی ئەوان پڕ لە لەهجەیە و ڕێک نایەنە گۆ.

”تاران” ئەو ناوەی هەر لە منداڵییەوە وێنەیەکی زەبەلاح بوو لە زەینما. وێنەی بینایەک بە ناوی “ئازادی”. کە منداڵ بووم و کەسوکارم کە بۆ کرێکاری لە تاران ئیشیان دەکرد و دواتر بە وێنەیەکەوە دەگەڕانەوە، وێنەیەک لە تەنیشت بورجێکدا کە ناوی ئازادی بوو؛ ئەوە وێنەی هەموو کرێکارەکانی ئەو سەردەمە بوو.

دواتر تاران بۆ من بوو بە جادەیەکی درێژ. تاران بۆ من بوو بە هاتوچوویەکی ناحەز. ئوتووبووسەکە ناگاتە جێ و تووشی ڕووداوێکی هاتوچوو دێین. کێ پێ دەزانێ؟

بێدەنگ بە ئەی من، کە ڕووداوی هاتوچۆ ئاساییە و خراویی ئەو هەموو ڕێگاوبانە ئاساییە و تاران نایەوێ دەنگت ببیستێ؛ تاران پێویستیە تۆ بێدەنگ بی؛ تاران خۆشی لە دەنگت نایە.

بۆ خوێندن ئەبێ بڕۆیتە تاران

بۆ دەرمان ئەبێ بڕۆیتە تاران

بۆ تاوانباری و بێتاوانی ئەبێ بڕۆیتە تاران

بۆ کار و بێکاری ئەبێ بڕۆیتە تاران

بۆ مردن

بۆ مردن

سەیرێکی پیرەپیاوەکەی تەنیشتت بکە و گەزەکانی سەوەتەکەی بژمێرە؛ ئا ئەوە خەڵکی سنەیە و خەریکی چڕاندنی سۆزێکیشە لە دەنگیا، کە تاران لێی تێناگات و کە تاران لە زمانی ئێمە قەڵسە و کە تاران بێز ئەکاتەوە لە شەرواڵەکەی کە کوردییە و لە دەنگەکەی کە سنەییە و لە دەستەکانی کە زبرە زبر؛ قڵیش قڵیشە وەک جادەکانی وڵاتەکەی. کە تەوێڵی لۆچاوییە و تاران ساف و لووسکە نەبێ نایەوێ.

ئەی تاران، کە کچانی کاتژمێر دووی نیوەشەوت لە ژێر عەبایەکا داپۆشیوە؛

ئەی تاران کە خۆتت لە ژێر برینا شاردووەتەوە، کە لە مەرگی دەوربەرتا دەژیت؛

دڵتەنگم ئەکەی…

خانۆمها ڤە ئاقایان بێخاتێرێ فاتێمێیێ زەهرا مەریز دارەم…

 

ئەم وتارە لە ژمارەی ۱۸ی مانگنامەی چیا چاپ کراوە.

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد