جدیدترین :

بەیانییەی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن

ڕەنگە ئەو کاتەی کە ژنانی کرێکاری کارخانەی خوریڕستنی شیکاگۆ لە ٨ی مارسی ساڵی ١٨٧۵ی زایینیدا، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەبار و نامرۆڤانەی کارەکەیان ڕژانە خیابان، قەت بیریان لەوە نەکردبوەوە کە ئەو هەڵوێستەیان دەسپێکەری بزووتنەوەیەکی گەورەیە لە سەرانسەری جیهان و سنوورە جوغرافیایی و نەتەوەیی و ئایینییەکان دەبەزێنێ و ئەبێتە بەشێک لە مێژووی مافخوازانەی مرۆڤایەتی. بزووتنەوەیەک کە بە پێی دۆخی کۆمەڵگاکان بە شێوەی جۆراوجۆر مامەڵەی لەگەل کراوە. لە بەشێکییان لە چوارچێوەی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا ماوەتەوە و لە هەندێکیشیاندا بوە هەوێنی شۆڕش و سەرهەڵدانگەلێکی گەورەتر.
بەم جۆرە بزووتنەوەی ٨ی مارس بوە ڕەمزی بەرخۆدانی ژنان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا. ٨ی مارس بوە هێمای یەکگرتنی، ئەو بەشە گرنگە لە کۆمەڵگا کە جیاواز لە ڕەگەز و ڕەنگی پێست و ئایین و زمان و …، گەورەترین خاڵی هاوبەشیان، بەشخوراوییان بوو.
گەرچی بە خێراییەکی کەمترەوە، بەڵام ئەو شەپۆلە گەیشتە ڕۆژهەڵاتی زەوی و ئیتر کەمتر ناوچەیەک لەم ڕەوتە جیهانییە بێبەری بوو. ڕۆژهەڵاتی ناوین کۆمەڵگایەک تا سەر ئێسقان پیاوسالار، ناوچەیەک کە دەنگی نیوەی کۆمەڵگا خنکێندراو و ژن بەشێک بوو لە کەرەسەی پیاو. بزووتنەوەی فرە دوژمنی یەکسانی مافەکانی ژن و پیاو، بە ڕێگای پڕ هەوراز و نشێودا گەیشتە نیشتمانی ئێمەیش. بزووتنەوەیەک بۆ دەستەبەر کردنی مافە ڕەواکانی ملیۆنان مرۆڤ.
٨ی مارس تەنییا بۆنەیەک نییە بۆ شادی و پیرۆزبایی، بەڵکوو ڕسکانێکە بەرەو ڕووناکی، مۆمێکە بۆ تاریکەشەوی نەزانی و شەڕێکی دەروونی یەک لایی کەرەوەیە. ٨ی مارس بەرلەوەی بچێتە میدیا و خیابانەوە دەبێ لە هەموو ماڵێکا و لە هەموو تاکێکدا خۆی شرۆڤە بکات.
جێی دڵخۆشییە کە ڕەوتی یەکسانیخوازی لەم دەڤەرە قەت نەوەستاوە و هەتابێ ئەژماری ژنانی ئازادیخواز لە زیاد بووندایە. هەوڵ و تەقەلای تاک بە تاکی ئەو کەسانەی ڕۆژێک هەنگاوێکیان بۆ چکۆلەترین مافەکانی ژن هەڵگرتبێ جێی ڕێزە، بەڵام لەگەل هەموو ئەو هەوڵانەدا هێشتا ڕێگایەکی ئێجگار دوور و درێژمان لەبەرە.
ژنانی نیشتمانی ئێمە بە ئیستەیشەوە، هاووڵاتی دەرەجە یەک ئەژمار ناکرێن، هەتا ئێستەیش ژنان لە بڕێ لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەرین. جێی شەرمەزارییە، هەتاکوو ئێستاش لە گۆشە و کەناری ئەم نیشتمانە ژن بە تاوانی ژن بوون ئەکوژرێت و بە توندترین شێوە پەلاماری مافە ڕەواکانی ئەدرێت. هەتاکوو ئێستاش کوردستان، کۆمەڵگایەکی پیاوسالارانەیە و ژن ئەو دەورەی کە دەبێ، نایگێڕێت. زۆر بەداخەوە ژنان کەمترین کاریگەرییان لە بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگادا هەیە.
شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، وێڕای پیرۆزبایی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، جەخت دەکاتەوە هەتاکوو ژن مافە ڕەواکانی خۆی مسۆگەر نەکات، کۆمەڵگا ناتوانێ هیچ بزووتنەوەیەکی ڕەوای تر بگەیەنێتە ئەنجام. چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکان بێ بەشداری ژنان لاواز و ناتەواوە. دەبێ کچان و کوڕانی ئەم نیشتمانە شان بە شانی یەکتر جڵەوی کاروانی پێشکەوتن خوازی بگرنە دەست.
ئێمە ئاواتە خوازین کە چیدی بینەر و بیسەری پێشێل کردنی مافەکانی ژن نەبین، هیوادارین ژنان لە مەیدانی گەشەو بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا دەوری کاریگەرتریان هەبێت و بزووتنەوەی ژنان بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون هەنگاو بنێت.
شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان – ١٨ی ڕەشەمەی ۲۷۱۶
ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی مەریوان
ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان
ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی ڕۆجیار
ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی ڤەژین
ناوەندی فەرهەنگی – زانستیی ڕۆنان
ئەنجومەنی خەڵکیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان – ژیانەوە

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد