انجمن سبز چیا

انجمن سبز چیا

پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە

  • your-alt
  • your-alt

سیانزەبەدەر ڕۆژی سرووشت یا تێکدانی سروشت

اندازه فونت :
۱۳۹۵/۰۱/۱۳

سیانزەبەدەر ڕۆژی سرووشت یا تێکدانی سروشت
خەلیل خاوەریان

سیانزەبەدەر، بە رۆژی سرووشت دەناسرێ و زۆربەی خەڵکی لەو رۆژەدا روو لە دەشت و دەر و کوێستان و سەیرانگاکان ئەکەن، بەڵام رۆژی رێزگرتن لە سرووشت، بووەتە رۆژێک بۆ نیگەرانیی لایەنگرانی ژینگە. ئەوانەی ئەچنە سەیران بەشیکیان زبڵەکانیان لەنێو سرووشتدا بەجێ ئەهیڵن، ئەگەر بەمجۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ ژینگەدا بکەین ئەوا ئەو دەرفەتەش لە دەست ئەچێت، کە رۆژێک لە سرووشتدا بژین. بەداخەوە هەموو ساڵێک لە سیانزەبەدەردا، زۆرترین زیان بە ژینگە دەگات و مەخابن سروشتی مرۆڤەکان وەهایە کە هەمووکات لەسەر بنچینەیەکی ئەخلاقی یاخود ئەقڵێکی ئەخلاقی بڕیارنادات و زۆریان گیرۆدەی تایبەتمەندی جۆراو جۆری خۆویستن وناڕۆشنبیریانەن. با ئەو ڕۆژە لە باتی خواردنی زۆر و مانۆڕ دانی ماشینەکانمان بە سەر سەوزەڵانیەکان و پیس کردنی کانی و ڕووبارەکان و شکاندنەوە و بڕینەوەی لپ و پۆپی دارە و دەوەنەکان بکەینە ڕۆژی پەیمان و سۆزدان بە سروشت کە بتوانین بەردەوام لە سروشت قازانج ببینین.
سەیران کردنێک کە ببێتە هۆی ئەوەی ژینگەی سەیرانگا و سروشت پیس بکرێت وەک شێرپەنجەیەک وایە کە دەکەوێتە جەستەی مرۆڤەوە، سەیران کردن ئەو کات مانای خۆشەویستی ڕاستەقینەی ئێمە بۆ سروشت نیشان ئەدات کە دوای سەیران و ڕابواردن لە ناو سروشتدا لە دوای خۆمان ژێنگەیەکی خاوێنمان جێ هێشتبێ.
پیس کردنی سەیرانگا و ژینگە پەیوەندی بە نزمی ئاستی رۆشنبیری و بەرپرسیارێتی ئەو كەسانەوەیە كە شت فڕێ ئەدەن. هەر بنەماڵەیەک دوای سەیران ئاستی ڕۆشنبیری و بەرپرسیارێتی خۆیان بە خاوێن جێ هێشتنی شوێنی سەیرانەکەیان دیارە.
مرۆڤ هۆكاری سەرەكی و بنچینەیە بۆ پیسبوونی ژینگە، گەورەبوونی پیشەسازی و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و خراپ بەكارهێنانی مادەكان ئەبنە هۆی پیسبونی ژینگە، كە هەمویان پەیوەندیان بە مرۆڤەوە هەیە. مرۆڤ یەکەم بەرپرسیارە لە ئاست خاوێن ڕاگرتنی ژینگە کاتێک مرۆڤ دەچێتە بۆ ناو سەیرانگا بە برنی ماشین و کەل و پەلی سەیران بەشێکی زۆری تەکنەلۆژیا لەگەڵ خۆی دەبات، خراپ بە کار هێنانیان کاریگەری نەرێنی و درێژ مەودا بە جێ دێڵێت بە سەر ژینگە و سەیرانگاوە.
جێ هێشتنی پاشماوەی خۆراک و زبڵ لە سەیرانگاکان جیا لەوەی ئاستی کەم بوونی ڕۆشنبیری و بەرپرسیارێتی ئێمە نیشان ئەدات، زۆر كات ئەو پاشماوەیەی كە زۆر سادە و ساكار لێ دەڕوانیت و بێ باكانە فڕێی ئەدەیتە نێو جوانییەكانی سروشت، تەمەنێكی دیاریكراویان دەوێت بۆ شی بوونەوە و لە ناوچوون، کە کەمترین ماوەی بۆ زبڵێکی سادە وەک فیلتەری جگەرە پێویستی بە 2 ساڵ هەیە بۆ شی بوونەوە و لە ناوچوون. و یەك بتڵی شوشە دەتوانێت تەنانەت بۆ یەك ملیۆن ساڵ لە سروشت دا بمێنێتەوە. پاشماوەی خۆراك یان پێداویستییەكانت، بە كەم تەماشا مەكە، هەوڵ بدە بیانخەیتە شوێن و جێگەی گونجاو تا لایەنی بەرپرس خەمی لە ناوبردن یان دووبارە بە كارهێنانەوەی بخۆن و لەگەڵ خۆت بیناهێنەوە بۆ ماڵەوە. لەگەڵ زبڵەکانی ماڵەوە تووڕیان بدە.
سروشت پارێزی ئەركە بۆ هەموان
هەریەك گەزێ خاك خاوێنكەینەوە
و لە گەڵ سروشتدا ئاشت ببینەوە
تۆ ئەركی خۆت و منیش ئەركی خۆم
نەك تۆ جێی بێڵی و منیش هەر بڕۆم. کەس ناڵێت سەیران نەکەین با سەیران بکەین بەڵام مەعقول نییە کە سەیرانگای پیس دوای خۆمان بە جێ بهێڵین.

سوال خود را مطرح کنید :