جدیدترین :

شەکاوە بێ ئاڵای ژینگە پارێزیمان

ژینگەپارێزی ڕێوڕەسمی ژیانە، ژیانێک پڕ لە خۆشەویستی و ڕەچاوکردنی مافی هەموو بوونەوەران، ئاستی کەرامەت و پلە بەرزی شارستانییەتی کۆمەڵگایە. ژینگەپارێزی هێمای لێک تێگەیشتن و پێکەوە ژیان و قوبووڵ کردنی لایەنی بەرامبەرە، ئاشتییەکی هەتا هەتایی و ئەوینێکی بێ بڕانەوەیە لە نێوان هەموو بوونێکدا. هەموو شتێک لە دەلاقەی ژینگەپارێزییەوە جوانترە، گەشە، زانست و سەرکەوتنەکانی تری مرۆڤ بە ڕوانگەی ژینگەییەوە پتەوتر و گارانتییەکی قاییم تری دەبێت.

خەڵکی ژینگەپارێزی مەریوان! لە دەرەنجامی کار و چالاکییەکانی ئێوەی ئازیزدا، ئەنجومەنی سەوزی چیا لە گەورەترین ڕووداوی جیهانی تالابەکان لە ساڵی ۲۰۱۶ (ی زایینی) دا، وەکوو قارەمانی تالاب هەڵبژێردرا. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە کە دەستکەوتنی ئاسان نەبوو، ئەمە ئێوە بوون کە بە گیان و دڵ زرێبارتان پاراست، ئێوە بوون زبڵ و خاشاکتان ڕەوا نەبینی بە زرێبار، ئێوە بوون باوشتان بۆ پەلەوەرە کۆچەرییەکان کردەوە، ئێوە بوون لە وەرزی سەهۆڵبەنداندا بە نانە ڕەقەو دانە وێڵە فریای گیانلەبەرانی کەوتن، ئێوە بوون لە ۲۴ی ڕێبەندانی ۲۷۱۴ (ڕۆژێکم بۆ زرێبار)دا، پەیمانتان لەگەل زرێبار تازە کردەوە. ئەم خەڵاتەش لە تاک بە تاکتان پیرۆز بێت، ئەمە مەدالیاییەکی گەشاوەیە لە گەردەنی مێژوومان، ئەمە شانازییەکی بێ­بڕانەوەیە بۆ هەموو ئێوەی ژینگە پارێز کە لە ڕەوتی کاروانی پاراستنی ژینگەدا تۆمارتان کردوە.

ئەم خەڵاتە ئەرک و بەرپرسیارییەتی هەموومان قورس و قورستر ئەکاتەوە، ئیتر لەمەوە بە دوا، زرێبار زۆر زیاتر لە جاران چاوی لێمانە، لە ئێستا بە دواوە باڵندە کۆچەرییەکانی هەموو تالاوه­کانی(ئاو­په­نگ، زه لکاو) دونیا ڕوومان تێ ئەکەن، لە ئێستە بە دواوە هەموو پەلەوەرەکانی دونیا بە زمانی زرێبار ئەدوێن. هەر بۆیە پێویستە زیاتر لە جاران شیاوی ئەو زمانە بین، ئەبێ قۆڵی لێ هەڵماڵین و تا بنەبڕ کردنی هەموو کێشەکانی زرێبار دانەمرکێین. زرێبار شووناسی ئێمەیە، لانکەی خۆشەویستی و جێژوانی خەونەکان و حەوێنگەی خەمەکانمانە، کز بوونی زرێبار، هێزی مانەوەمان لاواز ئەکات و شە­رمەزاری مێژوو و نەوەی داهاتوومان ئەبین.

ئاشقانی ژیان و ژینگەی وڵات! زرێبار دۆستانی هێژا، ئێوە سەلماندووتانە کە ناتوانن لاواز بوونی زرێبار ببینن، توانای بینینی چاوی کزی زرێبارتان نییە، بوونی خۆتان گرێ داوە بە بوونی زرێبارەوە کە وایە با زرێبار هێمای نیشتمانێکی بێ زبڵ و ڕاوچی بێت.

خەڵاتی قارەمانی تالاب ئەستێرەیەکی پرشنگدارە لە ئاسمانی شانازییەکانتان کە ئەنجومەنی سەوزی چیا بە نوێنەرایەتی ئێوە وەری گرتوە، هیوادارین ئەمانەتدارێکی شیاو بین.

ئەنجومەنی سەوزی چیا

ڕێبەندانی ۲۷۱۵

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد