جدیدترین :

ژینگەپارێزی فریادڕەسی مرۆڤایەتی

موحەمەد دانش

سروشت پێکهاتەیەکی لەیەک دانەبڕاوە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک هەموو بەشەکانی ڕۆڵی دیاری کراوی خۆیان ئەگێڕن، واتە هەموو دونیا بە هەموو وردەکارییەکانییەوە لەسەر یەکتری کاریگەرییان هەیە. مرۆڤ وەکوو سەرەکیترین تێکدەری ئەم سیستمە ڕۆڵی بوونەوەرێکی هەلپەرەست و قازانج خواز ئەگێڕێت. زەوی بێ جیاوازی هەبوەکانی خۆی ئەخاتە خزمەتی هەموو دانیشتوانی، بەڵام جۆری مرۆڤ ئەبێتە فیلتەرێک لە نێوان خۆی و باقی بوونەوەران و تەنانەت لە نێوان خودی خۆیشیاندا، مرۆڤی سپی، مرۆڤی سوور، ڕەش گەنمی و … هەر لەم پێوەندییشەدا ئەنواعی سنووری لە هەموو شوێنێک داناوەو گۆی زەوی بە جیاوازییە دەسکردەکان تەنیوە!

وەکوو گۆڕ هەڵکەنە زەوی داوەتە بەر بۆ چۆڕاندنەوەی هەموو وزەیەک، نەوت وەکوو سەرچاوەیەکی بە پیت بوەتە هۆی هەڵگرسانی شەڕ و ڕشتنی خوێنی مرۆڤ و بوونەوارانی تر و دەرەنجام کاولکاری ژینگە. مرۆڤ لە تەماحی بێ کۆتایی خۆیدا بە ئەنواعی بیناوو دەستی داوەتە ئاژاوە گێڕی لە هەموو دونیا! ئێستە هیچ قوژبنێکی ئەم گۆی زەوییە نەماوە لە دەستی ئەم ڕۆڵە لاکردارە پارێزراو بێت، دەوڵەتان سەرچاوەکانی هەموو جۆرە وزەیەکیان لە دەست گرتوە، زانست و پێشکەوتنی مرۆڤ دەخەنە خزمەتی دروست کردنی چەکی هەرچی زیاتر پێشکەوتووتر و کاولکەرتر، کێبەرکێی چەکی وێرانگەرە بە شێوەیەک کە بەشێکی بەرچاو لە هزر و توانایی مرۆڤ و سەرچاوەکانی زەوی سەرفی دروست کردنی ئەو چەکانە دەکرێت. ملیۆنان چەکی قورس و سووک، تەیارەی شەڕ و بۆمباران و … دەیان و سەدان جۆری تری ئامێری کوشندەی دروست کراوی دەستی دەوڵەتان، دەبێ لە شوێنێک دا بە کار ببرێت، دەبێ بازاڕێکی فرۆشی ببێت، کە ئەمە زەروورەتی هەڵگرسانی شەڕە، شەڕیک کە بتوانێ خێراییەکی زیاتر و زیاتر ببەخشێ بە چەرخی سەنعەتی کوشتن. شەڕ خۆراکی دەوێ، داعشی دەوێ، ئەلقاعدەی دەوێ، ڕاست و چەپی دەوێ، سوور و زەرد و … ی دەوێ، بەهەشتی دواڕۆژ و خەونی وڵاتی مەدینەی فازڵەی دەوێ، نەتەوە پەرەستی و هەزارەها خۆراکی لەو چەشنەی دەوێ.

ئەمەیە دەرەنجامی نەبوونی هزرێکی ژینگەپارێزی، مرۆڤی ژینگەپارێز بەردەوام هاوسەنگی نێوان بەرهەم و سەرچاوەی بەرهەم ڕادەگرێ، کۆمەڵگای ژینگەپارێز ناتوانێ بێدەنگ بێت لە ئاست کاولکاری دەوڵەتەکانیان، سیاسەتمەداران و خاوەنانی دەسەڵات گەر ژینگەپارێز بن دنیا ناکەنە مەیدانی شەڕ و ڕم بازی خۆیان. خەیاڵێکی خاوە گەر بڵێین تۆفانی ئەمریکای باشوور بە منی ڕۆژهەڵاتی پێوەندی نییە، دەکرا پێوەندی نێوان ئالانی کۆبانی و مەدیتەرانە، چەک و نەوت و پاوان خوازی لە ڕادە بەدەری مرۆڤ نەبوایە!

جوابی بنویسید

ایمیل ها معلوم نمیشود

کلیه حقوق مادی و معنوی برای انجمن سبز چیا محفوظ می باشد